عێراق مۆڵەتی کارکردنی گەورەترین بانکی ئێرانی هەڵدەوەشێنێتەوە



هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو بانکە ئێرانییانەی کە لقیان لە عێراق هەیە، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق.

بەڵگەنامەیەکی بانکی ناوەندی عێراق کە لەلایەن دوو بەرپرسی بانکەکەوە پشتڕاستکراوەتەوە، دەریخستووە کە مۆڵەتی کارکردنی گەورەترین بانکی ئێرانی لە عێراق، بانکی نیشتمانی ئێران (میلی)ی هەڵوەشاندووەتەوە، بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکان و سنوورداربوونی کارەکانی بانکەکە لە عێراق.

ئەم هەنگاوە کە کۆنترین بانکی ئێرانی دەکاتە ئامانج کە لە ساڵی ١٩٢٧ دامەزراوە، دوایین هەنگاوی عێراقە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئەمریکا کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قاچاخی دۆلارە بۆ ئێران.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەڵگەنامەکە کە ئاڕاستەی بانکە ئێرانییەکە کراوە تێیدا هاتووە، “بەهۆی ئەو زیانانەی لقەکەتان لە عێراقدا دووچاری بووە، سنووردارکردنی چالاکییەکان و نەتوانینی جێبەجێکردن یان فراوانکردنی چالاکییە بانکییەکان، هەروەها سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەریدا، بڕیاردراوە مۆڵەتەکەت هەڵبوەشێنرێتەوە”.

لە ساڵی ٢٠١٨ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی میلی ئێراندا سەپاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ “دابەشکردنی پارە بەسەر گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراقدا بەکاریدەهێنێت و بوونی بانکی میلی لە عێراق بەشێکە لەم پلانە”.

هەڵوەشاندنەوەی کارکردنی بانکەکانی ئێران لە عێراق گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، کە لە دوای لەشکرکێشی ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بە بەرژەوەندی میلیشیا عێراقییەکان بەڕێوەدەبرێن.

عێراق کە هاوپەیمانی واشنتۆن و تارانە، یەدەگی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری لە ئەمریکا هەیە، پشت بە ئەمریکییەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی لە دەستڕاگەیشتن بە داهاتی نەوت و سەرچاوە داراییەکان ڕێگری لێ ناکرێت.

حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەنە شیعەکانی عێراق و کوتلە چەکدارەکانی عێراق کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە پێکهێنرا، بەڵام لە نزیکەوە هاوکاری واشنتۆن دەکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی دەستنیشانکردنی چالاکییە داراییەکانی تاران لە عێراق و مۆدێرنکردنی سیستەمی دارایی.

عێراق لەم دواییانەدا هەشت بانکی بازرگانی ناوخۆیی لە ئەنجامدانی مامەڵەی بە دۆلاری ئەمریکی قەدەغە کرد و ڕێوشوێنی بۆ سنووردارکردنی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە و بەکارهێنانی نایاسایی تری دراوی ئەمریکی گرتەبەر، ئەمەش هەنگاوێکە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گرتوویەتیەبەر.

بانکە قەدەغەکراوەکانی عێراق بریتین لە بانکەکانی، ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی ئەل هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانی حامورابی.

بە وتەی بەرپرسانی عێراقی و ئەمەریکی، عێراق لە مانگی تەمموزی ڕابردوو ڕێگری لە ١٤ بانک کرد مامەڵەی دۆلار ئەنجام بدەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانتر کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران بوو لە ڕێگەی سیستمی بانکی عێراقییەوە.

بانکی ناوەندی دەڵێت، ئەو بانکانەی کە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەغەکراون، ڕێگەیان پێدراوە بەردەوام بن لە کارکردن و ئەنجامدانی مامەڵەکان بە دراوی دیکە.

لەنێو ئەو بانکانەی کە گومانی قاچاخی دراویان لەسەرە، بانکی “ئەل هودا” هەیە کە خاوەنەکەی حەمەد ئەلموسەوییە و نزیکە لە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق هاوپەیمانی سیاسی ئێران، پێشتر بانکی ناوەندی عێراق ئەم بانکەی قەدەغە کردبوو، لە ساڵی ٢٠١٥ بەهۆی سەرپێچی یاساییەوە.

لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠، بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی کۆچکردووی لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە ئامادەکرابوو، ئاشکرایکرد کە چۆن بانکی ئەل هودا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥، ٦.٥ ملیار دۆلاری بۆ سێ کۆمپانیای گواستنەوەی پارە کڕیوە.

 

سەرچاوە: العرب

جەمال کۆچەر: هەمواری یاسای بودجە چارەسەری سەرجەم کێشەکان ناکات
پێشت جەمال کۆچەر: هەمواری یاسای بودجە چارەسەری سەرجەم کێشەکان ناکات
ڕێگری لە بەشداری ژنان دەکرێت لە ماراسۆنێک لە عێراق
دواتر ڕێگری لە بەشداری ژنان دەکرێت لە ماراسۆنێک لە عێراق
ەیوەندیدار