کامیان گرنگە، جوانکاری یا ڕێژەی سەوزایی



مەعرووف مەجید.

کاتێ ئێمەی چالاکوانان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بۆ هەڵکەندنی درەختێک یا سوتاندنی، یا فڕێدانی پاشماوەیەک قسەو ڕەخنەی خۆمان دەبێ، هەندێ بەڕێز پێیان وایە ئێمە بێویژدانین و چاومان جوانییەکانی شار نابینێ، ئەو پێی وایە جوانکردنی شەقامەکان و فراوانکردن و هەڵکەندنی درەختەکان بۆی زۆر باشترە لە بوونی ڕێژەی سەوزایی بۆ شارەکە..

ئەزیزی من، بچووک کردنەوەی شەقامەکان و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی سیمای شاری ڕۆشنبیر و پێشکەوتووە نەک بە پێچەوانەوە، دەبێ ئێمە لە بری فراوانکردنی شەقامەکان حکومەت ناچار بکەین، گرنگی بە هۆکاری گواستنەوەی گشتی بدات، گرنگی بدات بە میترۆ و شەمەندەفەر لە نێوان شارەکاندا، نەک بێت شەقامەکان فراوان بکات، ئەویش بە بیانووی زۆر بوونی ئۆتۆمۆبێل، ئاخر لە کوێی دونیادا بووە، لە کۆی چوار پارێزگا، دوو ملیۆن ئۆتۆمبیل بوونی هەبێ، واتە بۆ هەر خێزانێک دوو ئۆۆتۆمبیل بوونی هەیە بۆ هەر سێ هاوڵاتییەک بە هەموو تەمەنەکانەوە لە شیرەخۆرە تا ئەو پیر و پەکەوتەیەی چۆتە سەر عەرەبانە، ئۆتۆمۆبیلێکی بەردەکەوێت..

ئەزیزانی من، ئێمە دەزانین، مەترسییە ژینگەییەکان لە داهاتوودا نەک هاوڵاتی و حکومەت،بگرە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ناتوانن چارەسەری بکەن، ئێستا گرفتێک دەتوانین خۆمان چارەسەری بکەین بۆ لە داهاتوو پەنا بۆ خەڵکی تر ببەین.

کاتێ دەڵێین سلێمانی شاری ڕۆشنبیری، دەبێ حکومەت و خەڵکەکەشی لە شوێنەکانی تر جیاواز بن، نابێ هەندێ کار قبوڵ بکەن کە دڵنیان لە داهاتوودا گەورەترین زیانیان بەردەکەوێ.

لە ئێستادا گرفتە ژینگەییەکان وەکو، زۆر بوونی ئۆتۆمبیل، زۆربوونی موەلیدە، زۆربوونی پاشماوەی فڕێدراو، زۆربوونی مادەپلاستیکییەکان، زۆربوونی کارگەکان، زۆربوونی ڕاوکردنی نایاسایی، تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووبارەکان، دابەزینی ئاوی ژێرزەوی، بوونی خواردنو خواردنەوەی کوالێت نزم، دەیان بابەتی تر گەورەترین مەترسین لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئێستا نا چەند ساڵێکی تر لێکەوتەکانی ئەو مەترسیانە لەسەر ژیان و تەندرووستی هاوڵاتیان دەردەکەوێت، ئەو کات دەبێ لەبری یەک نەخۆشخانەی هیوا لە هەموو شارو شارۆچکەیەک هیوایەک بونیاد بنرێت، ئەو کات دەبێ هەموو ماڵێک نەخۆشێکی ژێرپەنجەیان هەبێ، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێ، بوونی بینای بەرز و جوانکاری شەقامەکان و یوتێرن و بەرزە پرد خۆشگوزەرانی نەبوون مەینەتی بوون بۆمان.

دەزگای ئاسایشی هەرێم تۆڕێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەر هەڵدەوەشێنێتەوە
پێشت دەزگای ئاسایشی هەرێم تۆڕێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەر هەڵدەوەشێنێتەوە
کۆمپانیایەک ٧٥ هەزار دۆلار دەدات بەو کارمەندانەی منداڵیان دەبێت
دواتر کۆمپانیایەک ٧٥ هەزار دۆلار دەدات بەو کارمەندانەی منداڵیان دەبێت
ەیوەندیدار