مامۆستایان بە مووچەیەک دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن؟



عێراق ٦١٨ ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەکرد، ڕۆژی هەینی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم کرا، بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی خۆپیشاندان بەردەوامە.

ڕۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی ٦١٨ ملیار دینار گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کە دەکاتە تەنها ٪٦٥ی کۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی ٣٢٥ ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو پارەیەی کە بەغدا ناردوویەتی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و چارەنووسیشی دیار نییە.

نەجمەدین مستەفا، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی مافخوراوان ناگەڕێنێتەوە، سەبارەت بە حکومەتی عێراقیش ئێمە سکاڵا و داواکارییەکانمان لە پەرلەمانی عێراقدایە بۆئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، “چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەین، بۆئەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت تا حکومەتی عێراقی سەرپەرشتیاری دابەشکردنی مووچەی هەرێم بکات، لە ڕێگەی کارتی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین مووچە دابەشبکرێت”.

سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان وتی، “سبەینێ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامدەدەین، بەڵام بەشێکی زۆری بایکۆت شکاوە بەهۆی ئەو فشارانەی پەروەردە لە مامۆستایانی دەکات”.

ڕۆژی یەکشەممە، مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت، هاوکات مامۆستایان و وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، هەروەها رۆژی دوو شەممە لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی تر خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت.

یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمئەندامان ڕاگەیەنرا
پێشت یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمئەندامان ڕاگەیەنرا
هێرشکرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەریر
دواتر هێرشکرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەریر
ەیوەندیدار