پلەبەرزكردنەوە بۆ پێشمەرگە كرا و فەرمانبەرانیش 9 ساڵە چاوەڕێن



وەزارەتی پێشمەرگە پلەبەرزكردنەوەی دوو ساڵی هێزەكانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند، بەڵام ماوەی 9 ساڵە فەرمانبەرانی میلاكی مەدەنی چاوەڕێی پلەبەرزكردنەوەن و هێشتا حكومەتی هەرێم ئامادە نییە پلەبەرزكردنەوەیان بۆ دەستپێبكاتەوە و بەستویەتییەوە بە هاتنی تەواوی بودجەی هەرێم لە عێراقەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەیلولی ٢٠٢٢ و نەوڕۆزی ٢٠٢٣ی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و خشتەی نەورۆز و ئەیلولی هەردوو ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، لەگەڵ خشتەی نەورۆزی ٢٠٢٢ ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی (٧٠٫٨٠) ی پێشمەرگە پەسەندکرا و گەڕایەوە.

ڕاشیگەیاندووە، دوای ڕەزامەندی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بڕینی ڕێکارە یاساییەکان خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە.

فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمە نۆیەمین خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە کارمان لەپێناو هەرچی زوو گەڕانەوەیان کردووە.

لە مانگی 1ی ساڵی 2016ەوە و بە بیانووی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی میلاكی مەدەنی ڕاگرت و تا ئێستا، كە ماوەی 9 ساڵە ئەو مافە یاساییە، كە لە یاسای خزمەتی مەدەنی و یاسای میلاك و یاسای پلەبەندی مووچە هاتووە، نەدراوەتەوە بە فەرمانبەران، بەڵام پلەبەرزكردنەوە بۆ هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە ڕانەگیراوە.

بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی كوردستان، “حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی بۆ فەرمانبەرانی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و دادوەرەكان و كارمەندانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم كردۆتنەوە” بەڵام بەبیانووی نەبوونی پارە و بودجە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەكان ناكاتەوە لەكاتێكدا بۆ پارە و بودجە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و ئەو كارمەندانەی دیكە هەیە و پلەبەرزكردنەوەیان بەردەوامە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، ژمارەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم بە خانەنشینانی سەربازییەوە دەگاتە 433 هەزار كەسن، كە كۆی مووچەی پێویست بۆیان دەگاتە زیاتر لە 450 ملیار دینار، كە 49%ی كۆی مووچەی مووچەخۆران دەكات، بەو پێیەش ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی كەمترە “بە لێدەركردنی خانەنشینی مەدەنی و كەمئەندامان و زیندانی سیاسی و شەهیدان” لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان.

لە ئێستادا و بەهۆی بایكۆتی 4 مانگی مامۆستایانەوە، وەزارەتی پەروەردە لە گشتاندنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای هەمواركردنەوەی بودجەی عێراق و ناردنی شایستەی دارایی هەرێم، پلەبەرزكردنەوە دەكرێتەوە” بەڵام نازانرێت ئەو وادەیە كەیە و ساڵانەش ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر و مامۆستا خانەنشین دەبن بەبێ‌ ئەوەی پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كرابێت و لە پلە و مووچەی شایستەی خۆیاندابن.

مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی نووسیویەتی، “هاوکات هەرکاتێک پرسیار لە وەزیری پەروەردە دەکرا بۆچی پەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەست پێناکەنەوە؟ زۆر بەدڵنیایی دەیوت پارەی پێویست بەردەست نییە. مافی هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانە بپرسن بۆچی بۆ پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان داهاتی پێویست هەیە پلەبەرزکردنەوەیان بۆ دەکرێت؟”.

 

بە درۆن بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا بۆردوومان کرا
پێشت بە درۆن بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا بۆردوومان کرا
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات
دواتر ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات
ەیوەندیدار