جەمال کۆچەر: لە بودجەی ئەمساڵدا گرفتی مووچەی هەرێم چارەسەر دەبێت



ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران جەخت دەکاتەوە کە لە بودجەی ئەمساڵدا گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “سەباح” ڕایگەیاند، چاوەڕان دەکرێت حکومەت بودجەی ئەمساڵ بۆ پەرلەمان بنێرێت، چونکە ئەگەری گۆڕانکاری لە هەموو بڕگەکانیدا هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو کە هەندێك لەو پرۆژانەی لە بودجەی 2024دا پارەیان بۆ تەرخانکراوە، تەواوکراون یاخود بەشێکیان جێبەجێکراوە.

جەمال کۆچەر جەختیشیکردەوە کە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ئەمساڵدا چارەسەر دەکرێت و ڕوونیکردەوە کە ئەو بابەتە لە نێو ئەو بڕگانەی بودجەدایە کە ژمارەی تێدا نییە، بەڵکو تەنها پێویستی بە گۆڕینی دەقی ماددەکەیە و ئەوەش دەکرێت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی سەبارەت بە نرخی خەمڵێنراوی نەوتیش لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا وتی: “پێشبینییەکانی حکومەت بۆ نرخی نەوت نازانین کە بودجەی لەسەر بنیاد دەنرێت”.

لە بودجەی ساڵی ڕابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندرا، هەرچەندە ئێستاش نرخەکەی لە نێوان 75-80 دۆلاردا بەرز و نزم دەکات، بەڵام چاودێران پێشبینی دەکەن نرخەکەی بۆ کەمتر لە 70 دۆلار دابەزێت ئەگەر هاتوو گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەرەو هێوربوونەوە بچن.

ئەمڕۆ عێراق ڕووبەڕووی ڤێتنام دەبێتەوە
پێشت ئەمڕۆ عێراق ڕووبەڕووی ڤێتنام دەبێتەوە
بەهۆی بەفربارینەوە قوتابخانەکان داخران
دواتر بەهۆی بەفربارینەوە قوتابخانەکان داخران
ەیوەندیدار