پارتی: بۆ دانانی دوو پارێزگار دانوستان دەکەین



پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بۆ دانوستان لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارەکانی نەینەوا و کەرکووك ئامادە دەکات و دەڵێت، هیچ لایەنێك ناتوانێت بەبێ هاوپەیمانیکردن ئەو پۆستانە یەکلابکاتەوە.

ھاوار محەممەد، وتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاند: “لەڕووی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەتوانن دەست بە كۆبوونەوەی خۆیان بكەن، بەڵام پێویستی بە ڕێككەوتن ھەیە بۆ ئەوەی پارێزگار دیاری بكرێت، بەتایبەتی لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركووك”.

ئەوەشی خستەڕوو كە لە كەركووك و نەینەوا ھیچ لایەنێك ناتوانێت بەتەنیا پارێزگار دیاری بكات و پێویستی بە ڕێككەوتنی كوتلەكانی ئەنجومەنی پارێزگایە.

هاوار محەممەد وتیشی: “پارتی لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركووك دەست بە دانوستان دەكات بۆ ئەوەی ھاوپەیمانی دروست بكات بۆ دیاریكردنی پارێزگار و حكومەتی خۆجێی ھەردوو پارێزگاكە”.

وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی ڕاشیگەیاند، “مەرج نییە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەندا پارێزگار دیاری بكرێت، تەنیا بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن كۆبوونەوەی یەكەم بەڕێوەدەبات تا سەرۆك و جێگری ئەنجومەن دیاری دەكرێن، دواتر پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە دیاری دەكرێت، بەڵام پێویستی بە ڕێككەوتن ھەیە، چونكە ھیچ لایەنێك نەیتوانیوە بەشی ئەوەندە كورسی مسۆگەر بكات پارێزگار دیاری بكات”.

ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی بە فەرمی پەسەند کرد.

 

دواین زانیاری لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر بڵاوکرایەوە
پێشت دواین زانیاری لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر بڵاوکرایەوە
شەپۆلێکی تۆز و خۆڵبارین دەگاتە هەرێم
دواتر شەپۆلێکی تۆز و خۆڵبارین دەگاتە هەرێم
ەیوەندیدار