ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەوەستێت؟



ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌ولێر داوای وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران کرد، بەڵام تا ئێستا جموجۆڵە بازرگانییەکان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاساییە.

ئەمڕۆ شەممە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاساییە، وێڕای ڕاگەیەنراوەکەی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌ولێر کە داوای بایکۆتی بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی لەلایەن بازرگانان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە کرایە سەر شاری هەولێر.

بەپێی زانیارییەکان، هەرێمى کوردستان بازاڕێکی گرنگی ساغکرنەوەی بەرهەمەکانى ئێرانە کە ڕۆژانە هاوردە دەکرێن، ڕۆژانە ٦٠٠ بۆ ٦٥٠ بارهەڵگر کاڵا و شتومەک لە دەروازەی حاجی ئۆمەران هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بە شێوەیەکە کە ٪٩٦ هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکەکانە و  ٪٤ هەناردەیە ئەویش پاشماوەکانە کە بۆ مەبەستی پیشەسازی جارێکی دیکە بەکاردەهێنرێتەوە.

بەرپرسانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران ڕایانگەیاندووە، وەستاندنی جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران تەنها داواکارییەکی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌ولێرە و بڕیار نییە، ئێمە ئامادەنین بچینە ژێر باری داواکارییەکی لەو شێوەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گومرکی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەیەکی زۆر بازرگان و ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر ڕۆژانە لەو دەروازەیە هاتوچۆ دەکەن، وێڕای ئەوانەش ساڵانە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکان دەکرێت و بڕیارێکی لەو شێوەیە ئاوا زوو جێبەجێ ناکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە دەربکات بۆئەوەی جێبەجێبکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بایکۆت لەلایەن بازرگانەکانەوە ئازادانەیە و ناچاری نییە.

هاوکات قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاتر لە ٤ ملیۆن دۆلارە، کە بڕی ١.٥ ملیار لە حاجی ئۆمەرانەوە دێت، دەروازەی حاجی ئۆمەران تەنها دەروازەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر کە هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژوورى بازرگانى هه‌ولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایەکی ئاڕاسته‌ى هاووڵاتییان و بازرگانان كرد کە كاڵاى ئێران بایكۆت بكه‌ن، نه‌ هاورده‌ى بكه‌ن و نه‌ به‌كاری بهێنین.

 

ڕۆیتەرز: سەرکردەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا
پێشت ڕۆیتەرز: سەرکردەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا
تورکیا، ترسی لە گەڕانەوەی بەهێزی “یەکێتی” هەیە
دواتر تورکیا، ترسی لە گەڕانەوەی بەهێزی “یەکێتی” هەیە
ەیوەندیدار