تورکیا، ترسی لە گەڕانەوەی بەهێزی “یەکێتی” هەیە



تورکیا شکستی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دەڵێت هەماهەنگییەکانی ئەو حزبە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان نیگەرانی کردووە و گەڕانەوەی بەهێزی یەکێتیش بۆ نیو گۆڕەپانی سیاسەت لەهەرێمدا بە سەرۆکایەتی بافڵ تالەبانی هیندەی دیکە نیگەرانییەکانی زیاد کردووە.

 

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب – چاپی لەندەن، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەداوە؛  گەڕانەوەی بەهێزی یەکێتی بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عێراق، ترسی لە دڵی بەرپرسانی تورکیادا دروستکردووە، کە ناوچەی جێ نفوزی ببێتە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بە گشتی.

 

دووبارە ئەنقەرە هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی کرد، ئەگەر یەکێتی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت، بەڵام دەرگای بە کراوەیی هێشتەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر ڕازی بێت بەداواکارییەکانی و هاوکاری بکات.

 

ڕۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە؛ تورکیا بە نیگەرانییەوە سەیری گەڕانەوەی بەهێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ کوردانی پارچەکانی دیکە دەکات.

 

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ نیگەرانی ئەم گەڕانەوەیەی یەکێتی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاری کەرکوک تۆختر بووەوە، کاتێک بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی بەرپرسانی تورکیا یەکێتی لەو پارێزگایەدا توانی پێگەی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە، کە تیایدا تورکیا چاوی لە سەرکەوتنی هاوپەیمانەکانی بوو.

 

تورکیا مەودای دەستێوەردانی سەربازی خۆی لە خاکی عێراقدا فراوانتر کردووە و شەڕی خۆی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەرەپێداوە، بەڵام لەم دواییانەدا شکستی ئۆپەراسیۆنەکانی و زۆری ژمارەی کوژرانی سەربازانی ڕووبەرووی گازاندەیەکی زۆریی ناوخۆیی کردووەتەوە.

 

پێشتر وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کردبوو، “لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی تورکیا و پارتی کرێکاران (لە باکووری عێراق و باکووری سووریا)، ٩ سەربازی تورکیا کوژراون، ئەمە دوای چەند هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی کوژرانی ١٢ سەربازی تورکیا لە دوو هێرش بۆ سەر دوو بنکەی تورکیا لە خاکی عێراق”.

 

سەرچاوە نزیکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش باس لەوە دەکەن، زیانەکانی سوپای تورکیا لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیان زۆر زیاترە لەوەی ئەنقەرە ڕایدەگەیەنێت و ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکانی دەشارێتەوە.

 

لەماوەی ڕابردوودا ماڵپەڕە کوردییەکان تۆمارێکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی زاب لە بۆسەیەکدا زیاتر لە شەست سەربازی سوپای تورکیا دەکوژن و بریندار دەکەن.

 

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب – چاپی لەندەن، دەنووسێت؛ ئەنقەرە ئۆباڵی ئەم زیانانە دەخاتە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی، کە ڕێگەی بۆ چالاکییەکانی پارتی کرێکاران خۆشکردووە.

 

لەمبارەیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، “ئێمە درێغی ناکەین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر ئەگەر یەکێتی نیشتمانی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت بەرامبەر پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەر سلێمانیدا سەپاندومانە لە عێراق”.

 

ڕۆژنامەکە، حکومەتی عێراقی بە لاواز وەسف کردووە بەرامبەر پاوانخوازییەکانی تورکیا، کە ناوچەیەکی پارێزراوی بە قوڵایی ١٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق دامەزراندووە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی پارتی کرێکاران.

 

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب، لە زاری ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی نووسیویەتی؛ ئەنقەرە ئامانجی ئەوە نییە پەیوەندییەکانی بەتەواوی لەگەڵ یەکێتی بپچڕێنێت، لە کاتێکدا بەدەستهێنانی “زۆرترین ژمارەی دەنگی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاگان و بەتایبەت لە شارێکی وەک کەرکووک، گرنگیی ئەو حزبە دەردەخات”.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەوەستێت؟
پێشت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەوەستێت؟
عێراقییەکان زۆترین خانووبەرەیان لە تورکیا کڕیوە
دواتر عێراقییەکان زۆترین خانووبەرەیان لە تورکیا کڕیوە
ەیوەندیدار