مەسعود بارزانی: ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت



مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، دابەنەخۆداگرتن سنووری هەیە، ئیدانەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی سەر هەولێر دەکات، بیانووەکانی ئێران بۆ هێرشی سەر پایتەخت بە ناڕاست ناودەبات.

پاش ١٢ کاتژمێر لە هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێ شەوی سەر هەولێری پایتەخت، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەکات، دەڵێت دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی مەسعود بارزانی

بۆ ڕایگشتی بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

هەموو لایەک ئاگاداران، هەر لە ساڵی ٢٠٢ەوە هەتا ئێستا بە دەیان جار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان.

ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرامبەر خەڵکی کوردستان، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.

ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین.

گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.

لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ کردووە.

دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە ڕاستی.

داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.

ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە.

دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن، گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە

مسعود بارزانی ١٦ی کانووی دووەمی ٢٠٢٤

 

یەکێتی زانایانی ئایینی: داوا لە ئێران دەکەین مافی دراوسێیەتی بپارێزێت
پێشت یەکێتی زانایانی ئایینی: داوا لە ئێران دەکەین مافی دراوسێیەتی بپارێزێت
باڵیۆزی ئەمریکا : هێرشەکان هاووڵاتی مەدەنی کردووەتە ئامانج
دواتر باڵیۆزی ئەمریکا : هێرشەکان هاووڵاتی مەدەنی کردووەتە ئامانج
ەیوەندیدار