ترەمپ دەبێت ٤٠٠ هەزار دۆلار بداتە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز



پاش ئەوەی ترەمپ لە دادگا سکاڵایەکی لەسەر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دۆڕاند، سزای قەرەبووکردنەوەی ڕۆژنامەکەی بەسەردا سەپێنرا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەپێی بڕیارێکی دادگا پێویستە ٣٩٢ هەزار و ٦٣٨ دۆلار بداتە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ڕۆژنامەنووسەکانی وەک خەرجییە یاساییەکان، پاش ئەوەی سکاڵایەکی لەسەر ڕۆژنامەکە لە دادگا ڕەتکرایەوە.

ترەمپ لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ سکاڵای لەسەر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و سێ ڕۆژنامەنووس کە لە ڕۆژنامەکە کاردەکەن تۆمەتبار کردبوو، بە تۆمەتی ئامادەکردنی “پیلانێکی خراپەکارانە” بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی باج، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئەنجامداوە و بڵاویکردوەتەوە کە لە دواتردا خەڵاتی بەناوبانگی پۆلیتزەری بەدەستهێنا.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ دادوەرێک لە ژووری بازرگانی دادگای باڵای ویلایەتی نیویۆرک سکاڵاکەی ترەمپی لەسەر ڕۆژنامەکە ڕەتکردەوە، هاوکات دوێنێ هەینی لە بڕیارێکی نوێدا ترەمپی ناچارکرد بە پێدانی ٣٩٢ هەزار و ٦٣٨ دۆلار وەک قەرەبووکردنەوەی ڕۆژنامەکە بۆ ئەو بڕە پارەی لە دادگا بۆ بەرگری لەخۆکردن خەرجی کردووە.

لێکۆڵینەوەکەی ڕۆژنامەکە باس لە چۆنیەتی گەیشتن بە سەروەت و سامانەکەی ئەو ملیاردێرە کۆمارییە دەکات، لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە کە ترەمپ لە ڕاستیدا لە ماوەی چەند ساڵێکدا ٤١٣ ملیۆن دۆلاری لە باوکیەوە وەرگرتووە، کە بەشێکی لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی وەهمییەوە بۆی گواستراوەتەوە، بۆئەوەی باج نەدات.

عێراق خاوەنی زۆرترین شوێنەواری تۆمارکراوە
پێشت عێراق خاوەنی زۆرترین شوێنەواری تۆمارکراوە
“پشێوییەکانی دەریای سوور، نرخی پێداویستییەکان بەرز دەکاتەوە”
دواتر “پشێوییەکانی دەریای سوور، نرخی پێداویستییەکان بەرز دەکاتەوە”
ەیوەندیدار