تەعلیقێک لەسەر ئاڕاستەی تەمییزی دادگاکانی کوردستان



پ.د. سامان فەوزی- پسپۆڕی یاسای

کاریگەری لێخۆشبوون لەسەر داخستنی دۆسیەی دادوەری لەنێوان ناوزڕاندن لە ڕێگای ئەلیکترۆنی و نائەلیکترۆنیدا

ئاڕاستەی تەمییزی دادگاكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كاریگەری لێخۆشبوون لەسەر داخستنی داوای سزایی لە تاوانەكانی خراپ بەكارهێنانی ئامڕازەكانی پەیوەنیدكردندا، لەئێستادا ئەوەیە كە ئەو لێخۆشبوونە نابێتە هـۆی داخستنی داوا سزاییەكە.

ئەمەش بە پاساوی یاسای قەدەغەكردنی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٠٦، کە یاسایەكی سزایی تایبەتە و تاوانەكانی پەیوەندیدارن بە مافی گشتی، بۆیە لێخۆشبوون و ڕێككەوتن نابنە هۆی داخستنی ئەو سكاڵایانەی پاڵپشت بەو یاسایە دەجوڵێندرێت.

ئەمە لەكاتێكدا بەشێكی زۆری ئەو تاوانانەی لە ماددە دووی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن باسكراوە، لەو تاوانانەیە، كە لە بڕگەی ‌ئەلفی ماددە سێی یاسای بنەماكانی دادگاییکردنی سزایی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١، لەسەر داوای تاوانلێكراو سكاڵا دەجوڵێندرێت و تاوانی دژ بە مافی تایبەتە.

 

پاساوە‌كانی ئە‌و ئاڕاستە‌ دادوە‌ریە:‌

پاساوی دادگای تێهەڵچوونەوە بە سیفەتی پیاداچوونەوە ئەوەیە، كە مادام یاسایەکی تایبەت بە تاوانە ئەلكترۆنیەكان دەرچووە بۆیە حوكمی یاسای بنەماكانی دادگاییکردنی سزایی تقییدكردووە، بەتایبەتی لە ڕووی كاریگەری لێخۆشبوون لە داخستنی داوای سزایی ئەو تاوانانەی لە ماددە سێی یاساکەدا هاتوون، تەنانەت ئەگەر یاسا تایبەتە تازەکە هیچ دەقێكیشی لەخۆنەگرتبێت، كە پەیوەستبێت بە مافی جوڵاندنی سكاڵا و كاریگەری لێخۆشبوون لەسەر ئەو تاوانانەی كە تیایدا هاتوون.

پێمان وایە ئە‌و ئاڕاستە‌ تە‌مییزیە‌ی دادگاکان كوردستان شایەنی سەرنجە، لەبەر ئەوەی:

یەکەم، لە بڕگەی دووی ماددە سێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی هاتووە، کە تاوانەکانی تۆمەتخستنەپاڵ، جنێودان، نهێنی هەڵماڵین، هەڕەشەکردن و …هتد، تەنها لەلایەن تاوانلێکراو یان نوێنەرە یاساییەکەی بەرزدەکرێتەوە، ئەمەش مانای وایە تاوانەکانی ناوزڕاندن، هەڵماڵینی ژیانی تایبەت و هەڕەشە…هتد، لەو تاوانانەن کە مەبەست لێی زیاتر بۆ پاراستنی مافی تایبەتە نەک مافی گشتی، بەڵام من نازانم لە چ دەقێکی یاساییدا هاتووە، ئەگەر تاوانێک بە یاساییەکی تایبەت ڕێکخرابێت ئەوا ئەو یاساییە بۆ پاراستنی مافی گشتییە نەک پاراستنی مافی تایبەت، تاوانەکانیشی لەو جۆرە تاوانانە بن کە جوڵاندنیان پێویستی بە سکاڵای تاوانلێکراو نییە!

دووەم، ئایا تاوانەکانی ناوزڕاندن، هەڕەشەکردن، هەڵماڵینی نهێنی ژیانی تایبەت…هتد ئەگەر لەناو هۆڵێكی گەورەدا ئەنجامبدرێت یاخود لە ڕێگای کەناڵێکی ڕاگەیاندنی وەک ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بۆچی دەشێت لێخۆشبوون ببێتە هۆکاری داخستنی سکاڵاکە، بەڵام ئەگەر ئەو تاوانانە لە ڕێگای مۆبایل و ئینتەرنێتەوە ئەنجامبدرێت ببێت، بە تاوانی دژ بە مافی گشتی دابنرێت و لێخۆشبوونی سکاڵاکار لە سکاڵالێکراو نەبێتە هۆی داخستنی دۆسیەکە!

بێگومان نابێت ئەوەشمان لە یادبچێت لێخۆشبوون لە داوای سزایی مانایی لێخۆشبوون لە داوای شارستانی و داواکردنی قەرەبوو نییە، کەسی زیانلێکەوتوو سەرەڕایی لێخۆشبوون لە داوا سزاییەکە، هێشتا دەتوانێت داوای قەرەبووبکات بۆ ئەو زیانە ماددی و مەعنەویانەی ڕەفتارە نایاساییەکە پێی گەیاندووە.

سێیەم، ئەگەر ئەو تاوانانەی لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردندا هاتوون دژ بە مافی گشتی بن، ئەوان پێویستە داواکاری گشتی دابنیشێت و چاودێری بابەت و کۆمێنتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات، سکاڵا بجوڵێنێت دژ بەو تاوانانەی دەچنە خانەی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن!! کە ئەمەش بێگومان کارێکی زەحمەت و ناواقعییە، هەر بۆیە تائێستا نەبینراوە داواکاری گشتی ئەو کارەی کردبێت.

چوارەم، ئازادی ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوە، بنەما و بنچینەی ئازادییەکانە، کاتێک هەر دەقێک و یاساییەک سنوور بۆ ئەو بنەما گشتییە دابنێت، پێویستە بە شێوازێکی زۆر دیاریکراو و بە دەقی ڕوونبێت، نەک ڕاڤەکردن و خوێندنەوەی ویستی یاسادانەر، بۆیە ناکرێت بەبێ بوونی دەقێکی یاسایی ئاشکرا و ڕوون، ئێمە ئەوە هەڵهێنجێنین، کە مادەم یاساییەکی تایبەتمەندە کەواتە تاوانەکانی پەیوەندیدارن بە مافی گشتی و لێخۆشبوون نابێتە هۆی داخستنی ئەو داوا سزاییانەی پاڵپشت بەو یاسا تایبەتمەندە وجوڵێنراون.

پێنجەم، ئەو بنەمایەی کە دەڵێت، گومان دەبێت بۆ بەرژەوەندی تۆمەتبار حساب بکرێت، لەو ئاڕاستە تەمییزیەی دادگاکانی کوردستان پێشێلکراوە، چونکە یاسای سزاکانی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ کە دایکی یاسا سزا تایبەتەکانە و ناساندنی بۆ ناوەڕۆکی زۆربەی تاوانەکان و سزاکان کردووە، پاشان لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١ کاتێک لێخۆشبوونی بە هەر هۆکارێک بۆ داخستنی هەندێک تاوان دانابێت، ئەوا مەگەر یاساییەکی تایبەت و تازەتری سزایی کە بە ئاشکرا لە دەقێکی ڕوون پێچەوانەی دەقەکانی ئەو دوو یاسا سەرەکییە بێت، ئەو کات دەتوانین بڵێین لێخۆشبوون لە تاوانەکانی ناوزڕاندن، هەڕەشە و هەڵماڵینی نهێنی بە هۆکارێک دانانرێت بۆ داخستنی سکاڵا تاوانکارییەکە، یان ئەگەر بە دەقێکی ڕوون و دیاریکراو بڵێت کە دەکرێت سکاڵا لەو جۆرە تاوانانە لەلایەن داواکاری گشتی و هەر کەسێکەوە بجوڵێنرێت! کە ئەمەی دوایشیان مانای وادەبێت، ئەو تاوانانە پەیوەندیدارن زیاتر بە مافی گشتی و سەرەڕای لێخۆشبوونی تاوانلێکراو هەر دەبێت تاوانبار سزابدرێت!

بەپێچەوانەوە لە کاتی بوونی هەر ناڕوونییەک لەو بابەتە، پێویستە ئەو ناڕوونیە بۆ بەرژوەندی تۆمەتبار ئەژماربکرێت، بۆ ئەوەی حوکمی لێخۆشبوون بیگەڕێنێتەوە سەر یاسا سەرەکییەکان و بڕیای ئەوە بدرێت، کە ئەو لێخۆشبوونە بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ داخستنی داوا سزاییەکە.

شەشەم، ئەو تاوانانەی لە یاسای قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بە ڕوونی لە دەقەکاندا هاتوون زۆر و جۆراوجۆرن، هەندێکیان زیانی ڕاستەوخۆی بۆ سەر تاکەکان هەیە، وەک ناوزڕاندن، هەڕەشە و باسکردنی ژیانی تایبەت و …هتد، دەکرا لێخۆشبوون ببوایەتە هۆی داخستنی داوا سزاییەکە، بەڵام هەندێکی دیکە لەو تاوانانەی لە یاساکەدا هاتووە زیاتی مافی گشتی تێدایە.

ئەمەش لەبەر ئەوەی زیانی ڕاستەوخۆی بۆ کۆمەڵگا هەیە، وەک هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان، هاندان بۆ بەدڕەوشتی، زیانگەیاندن بە ئاکاری گشتی و سیستمی گشتی..هتد.

بێگومان لەم جۆرەی دووەمدا لێخۆشبوون کاریگەری ئەوتۆی نییە و نابێتە هۆی داخستنی داوا سزاییەکە، بەڵام ئەوەی جێگای ڕەخنەیە لە ئاڕاستەی تەمییزی دادگاکانی کوردستان لە هەردوو جۆر تاواندا لێخۆشبوون کاریگەری نابێت لەسەر داخستنی داوا سزاییەکە.

حەوتەم، ئەگەر پاساوی دادگای تێهەڵچوونەوە بە سیفەتی پیاداچوونەوە لەوەی لێخۆشبوون لە تاوانەکانی قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن نابێتە هۆی داخستنی داوا سزاییەکان ئەوەبێت، کە ئەو یاسایە یاسایەکی تایبەتمەندە! باشە خۆ یاسای ڕۆژنامەگەری کوردستان یاسایەکی تایبەتمەندە و باسی لێخۆشبوونیش نەکراوە تێیدا، کەچی لێخۆشبوون دەبێتە هۆی داخستنی ئەو تاوانانەی کە زیانی بۆ سەر کەسێکی دیاریکراو هەیە، وەک تاوانەکانی ناوزڕاندن و پێشێلکردنی ژیانی تایبەت و …هتد، وە ئەگەر وەڵام ئەوەبێت کە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، سزاکانی ئەو جۆرە تاوانانەی زیاترکردووە لەو سزایانەی لە یاسای سزاکانی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، ئەوا هێشتا هیچ دەقێکمان نییە، بە ئاشکرا پێمان بڵێت، هەرکاتێک سزای تاوانێک بە یاسایەکی تایبەتمەند زیادکرا، ئیتر ئەو تاوانە لە مافی تایبەتەوە دەگۆڕێت بۆ مافی گشتی و لێخۆشبوون نابێتە هۆی داخستنی داوا سزاییەکە، ئەمە لە کاتێکدا هەندێک لەو تاوانانەی لەناو یاسای تایبەتدا هاتوون سزاکەیان کەمترە لەو سزایەی لە یاسای سزاکانی ساڵی ١٩٦٩ هاتووە.

 

پوختەی بۆچوونەکە

پێم وایە، ئەو تاوانانەی لە ماددەی سێی یاسای بنەماکانی دادگایکردنی سزایی ناوزەندکراون، کە داوای سزایی تێدایە لەسەر سکاڵای کەسی زەرەرمەند و پەیوەندیدار دەجوڵێندرێت وەک لە تاوانەکانی ناوزڕاندن، هەڕەشە، پێشێلکردنی ژیانی تایبەت و …هتد، پێویستە لێخۆشبوونی سکاڵاکار ببێتە هۆی داخستنی داوا سزاییەکە، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگای مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە کرابێت، یاخود بە گوێرەی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سکاڵاکە جوڵێندرابێت.

وە ئەگەر نەکرا ئاڕاستە دادوەرییە بگۆڕدرێت، ئەوا پێویستە هەرچی زووترە یاسادانانی کوردستان دەقێک بۆ یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن زیادبکات، بە ڕوونی و دیاریکراوی کاریگەری لێخۆشبوون لەسەر داوا سزاییەکە دیاریبکات، بە ئاڕاستەی دادپەروەری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەو کەیسانەی کاریگەری و زیانیان بۆ سەر مافی تایبەتی کەسێکی دیاریکراو هەبووە، نەک کۆمەڵگا و مافی گشتی.

 

نانەواخانەیەك لە هەولێر گڕی گرت
پێشت نانەواخانەیەك لە هەولێر گڕی گرت
هێرشكرایه‌وە سه‌ر بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا
دواتر هێرشكرایه‌وە سه‌ر بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا
ەیوەندیدار