سەڵاحەدین بەهادین: د. عەلی قەرەداغی جێگای شانازی هەموو گەلی کوردە



ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هەڵبژاردنی د. عەلی قەرەداغی بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان بە جێی شانازی بۆ گەلی کورد وەسف دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی د. عەلی قەرەداغی کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و تێیدا هاتووە: “هەڵبژاردنتان لە کۆنگرەی گشتی شەشەمی یەکیێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، بەو ئاستە بەرزە لە متمانەو جۆش و خرۆشی کۆنگرە بۆ سەرۆکایەتی ئەو دەزگا جیهانیە، جێگای شانازی ئێمەو هەموو گەلی کورد و هەموو موسڵمانانە ، خودا لێت پیرۆز بکات و پشتیوانت بێت لەو ئەرکە باڵا هەستیارەدا”.

سەڵاحەدین بەهادین دەڵێت: “بەڕاستی بەدەست هێنانی ئەو متمانەیە لەلایەن نوێنەری زانایانی زیاتر لە 90 وڵاتی جیهان ،لەناو ئەو هەموو زانایانەی شەریعەت و شارەزایانی زانست و پلە باڵای ئەکادیمی ، نیشانەی ئاستی باڵای شایستەیی جەنابتانە و مایەی دڵخۆشی و سەربڵندی کوردان و گشت کوردستانیانی جیهان و ڕابونی ئیسلامیە ..کە ڕۆڵەیەکیان ئەبێتە سەرۆکی زانایانی موسڵمانی جیهان”.

هیواشی بۆ خواست “‏هەردەم سەرکەوتووبیت لەڕابەرایەتی کاروانی هیدایەت و بانگخوازی و ئیسڵاح و ئاشتیدا، بەردەوام سەروەری بۆ گەل و نیشتمانەکەت تۆمار بکەیت”.‏

سامان حەمەكەریم، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی د. عەلی قەرەداغی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێوارەی دووشەممە لە دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر، پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی، كە پێشتر ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمانی هەبوو، لە كۆنگرەی شەشەمی ڕێكخراوەكەدا بە سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردرا.

ڕاشیگەیاند، ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی شەشەمی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان پێكهاتبوو لە زیاتر لە 600 ئەندام و توانی ڕێژەی 91%ی دەنگەكانی كۆنگرە بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆكی ڕێكخراوەكە.

وتیشی، “لەدوای دروستبوونی ڕێكخراوەكەوە لە ساڵی 2011ەوە بارەگای سەرەكی چۆتە وڵاتی قەتەر، د. عەلی قەرەداغی بۆ سێ‌ خوول ئەمینداری گشتی بووە و لەم كۆنگرەیەشدا بووە سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، كە بۆ یەكەمجارە لە مێژوووی دروست بوونی ئەو ڕێكخراوە كوردێك ئەو پۆستە وەربگرێت”.

سۆران عومەر هۆکاری دانەبەزینی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات
پێشت سۆران عومەر هۆکاری دانەبەزینی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات
لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا شەش کارگوزار بوونە قوربانی
دواتر لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا شەش کارگوزار بوونە قوربانی
ەیوەندیدار