شەوی یەڵدایە و وەرزی زستان دەستپێدەكات



سبەی شەو، شەوی سێ‌ شەممە لەسەر چوار شەممە (20 لەسەر 21ی كانوونی یەكەمی 2022) شەوی یەڵدایە، كە (شەوی چلە)شی پێ‌ دەوترێت و لە زۆرێك لە شارستانێتییەكانی ئێستا و ڕابردووی جیهان پێگەی تایبەتی هەیە و مەڕاسیمی تایبەتی بۆ ئەنجام دەدرێت، لە ڕووی زانستییەوە بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت.

بچینەی مێژوویی شەوی یەڵدا لە چییەوە هاتووە؟

یەڵدا، وشەیەکی سریانیە بە مانای لە دایکبوون، ئارییەکان پێش 7 هەزار ساڵ ئەم شەوەیان کردووە بە جەژن و بە شەوی لە دایکبوونی خواوەندی ڕووناکی (میترا )ی ئەزانن، لەم شەوەدا پاییز وەرز ئەداتە دەست زستان و خۆی جێمان دێڵێ و درێژترین شەوی ساڵە.

شەوی یەڵدا یەكێكە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و كۆنەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لە نێوان نەتەوەكانی هیند و ئاری و نەتەوەكانی تری میزۆپۆتامیا.

لەم جەژنەدا خێزانەکان هەموو پێکەوە کۆدەبنەوە و سفرە و خوان ئەرازێننەوە بە هەموو جۆرە خواردنێک، بە تایبەتی شوتی و هەنار و چەرەس، هەرچەند درێژترین شەوی ساڵە بەڵام وا باو بووە تا بەیانی دانیشتوون و نەخەوتون و ئاگریان کردۆتەوە و مۆمیان داگیرساندووە و شەویان بە حیکایەت و قسەی خۆش و گۆرانی بەسەر بردووە.

هەندێکیش لایان وایە لەو شەوەدا حەزرەتی مەسیح لە دایک بووە.

لە شەوی یەڵدا، هاووڵاتیان چەندین بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوە سازدەكەن و چەندین مەڕاسیم ساز دەكرێت و شەوچەرە و ئاهەنگ و كۆڕی هۆنراوە و گۆرانی سازدەكرێت، لەو بارەیەشەوە شاعیری گەورەی كورد (نالی) دەڵێت:
شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو
كەدیدەم دورلە تۆ بێ نورە ئەمشەو؟
دڵم وەك حاكمی مەعزولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو

بنچینەی زانستی شەوی یەڵدا (چلە- هەڵگەڕانەوەی زستانە)

شەوی یەڵدا لە ڕووی زانستییەوە بە “هەڵگەڕانەوەی زستانە” ناودەبرێت و ئەو كاتەیە، كە خۆر لە دوورترین ئاستی لاری دەبێت لە هێڵی كەمەرەیی زەوییەوە و ستون دەبێت لەسەر هێڵی كاوڕ (Capricorn) كە بە پێی هێڵەكانی پانی، (23.5) هێڵ دەكەوێتە باشوری هێڵی كەمەرەیی و ئەو ژمارەیەش گۆشەی لاری گۆی زەوییە لە خوڵگەی خۆی بەرامبەر خۆر.

لە كاتێكی نێوان (20 تا 22)ـی مانگی (12)ـی هەموو ساڵێك، خۆر لە دوورترین ئاستی خۆی دەبێت لە هێڵی كەمەرەیی و بەوەش لە نیوە گۆی باكوور درێژترین شەو و لە نیوەگۆی باشووریش درێژترین ڕۆژی ساڵ تۆمار دەكرێت، لە كاتی “هەڵگەڕانەوەی زستانە” نیوەگۆی باكوور شەو دەگاتە درێژترین ئاستی خۆی و ڕۆژیش دەگات بە كورتترین ماوە خۆی، ئەم دۆخە لە نیوە گۆی باشووری زەوی تەواو پێچەوانەیە.

بەپێی پێوانە فەلەكییەكان، سبەی شەو دیاردەی “وەرگەڕانی زستانە” ڕوودەدات، واتە یەكەم ڕۆژی وەرزی زستان لەنیوەگۆی باكووری هەسارەكەمان دەستپێدەكات، ئەو كاتەش درێژترین شەوی تێدایە و ماوەی ڕۆژیش كورترین ئاست تۆمار دەكات، بەڵام بە پێچەوانەی نیوەگۆی باشوور، كە دیاردەكە ناسراوە بە (وەرگەڕانی هاوینە) و خۆر تیایدا دەگاتە بەرزترین ئاست لە ئاسمان و لە كاتی نیوەڕۆدا و درێژترین ڕۆژ و كورترین شەو دەبێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی: حكومەت نرخی دۆلار دادەبەزێنێت
پێشت چوارچێوەی هەماهەنگی: حكومەت نرخی دۆلار دادەبەزێنێت
حكومەتی عێراق بڕی بەشەخۆراك و 3 ماددەی دیكەی بۆ هاووڵاتیان زیادكرد
دواتر حكومەتی عێراق بڕی بەشەخۆراك و 3 ماددەی دیكەی بۆ هاووڵاتیان زیادكرد
ەیوەندیدار