هێڵی بارلێڤ، هێڵی پۆڵاینی ئیسڕائیلییەکان، چۆن تێکشکێنرا؟



ئیسرائیل بەوە بەناوبانگە کە یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهان و دەزگای هەواڵگری هەیە، جگە لە ئەمانەش بە درێژایی مێژوو بەوە ناسرابوو کە بڕێکی زۆری داهاتەکەی تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردنی لایەنی هەواڵگری و سەربازی.

 

لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئیسرائیل ڕووبەڕووی شکستێکی گەروە بووەوە، کە لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئەنجامدرا و بەهۆیەوە لە شاری تەل ئەبیبدا جەنگ بەرپابوو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا چەکدارانی حەماس لە سێ ڕێگای وشکانی و ئاوی و ئاسمانی هێرشیان کردە سەر چەندین خاڵی هەستیاری ئیسرائیل.

 

ئەمە یەکەم شکست یان بڕینی بەربەستە پۆڵایینەکانی ئیسڕائیل نییە، بەڵکو هاوشێوەی هەمان هێرش لە ئۆکتۆبەردا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بوونی هەیە و خراپتر لەوەی کە لە ٢٠٢٣دا نەسەریان هات ڕوویداوە.

 

هێڵی بارلێڤ زنجیرەیەکە لە نێوان قەڵا بەرگرییەکاندا دروستبووە کە بە درێژایی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی کەناڵی سوێس هەڵکەوتوون، ئیسڕائیل پاش داگیرکردنی بیابانی سەینا و دوای پاشەکشەی شەڕی ساڵی ١٩٦٧، دروستیکرد.

ئەم هێڵە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هاتنی هەر هێزێکی میسری و بەزاندنی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی کەناڵی سوێس بنیاتنرا، دوای ئەوەی ئیسڕائیل ئەو ناوچەیەی داگیرکرد.

 

هێڵی بارلێڤ لە چەندین شوێنی تایبەت و بنکەی تۆکمە پێکهاتووە، کە لەلایەن باشترین ئەندازیارانی ئیسڕائیلی و جیهانەوە دروستکراوە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی هەر خاڵێک کە بتوانرێت.

بۆ دروستکردنی ئەم قەڵا کۆنکرێتییە گەورەیە، کە بەرزییەکەی ٢٠ بۆ ٢٥ مەتر دەبوو، نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بودجەی بۆ دیاریکرا.

 

نزیکەی ٢٦ ژوور و حەشارگە لەم هێڵەدا بوونی هەبوو، کە بە چەکی قورس تەیارکرابوون.

 

پێش جەنگی ئۆکتۆبەر، ئیسڕائیل لە جەنگی شەش رۆژەی ساڵی ١٩٦٧ دا جۆلانی سووریا و سەینای میسری گرت و بەنیاز نەبوو هەرگیز بکشێتەوە تێدا.

 

بە بەردەوامی هەواڵگری میسر زانیاری لەسەر بەرگریەکانی ئیسڕائیل کۆدەکردەووە لە سەینا بە تایبەتی هێڵی بەرگری بارلێڤ، لەو لاشەوە سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات ناسراو بە ڕێویەکەی عەرەب، خەریکی بنیادنانی جۆرێکی دیکەی سوپا بوو و یەکەی بەرگری ئاسمانی بە فەرمی کرد بە هێزێکی سەربەخۆ و لە هێزی ئاسمانی جیای کردووە و یەکەیەکی دیکەی دژە تانکی پێكهێنا.

 

هەموو ساڵێک لە هەمان کاتدا سوپای میسری لە نزیک هێلی بارلێڤ کۆدەکردەوە مەشقیان لەسەر پەڕینەوەی نۆکەندی سوێس دەکرد، دوای ماوەیەک شتەکە وەک ڕۆتینیکی سوپای میسری لێهات لای ئیسڕائیلیەکان، ئیسڕائیلیەکان بێئاگابوون لەوەی کە لەژێر نۆکەندەکەوە یەکەیەکی هێزی تایبەتی میسر شوێنی هەموو بۆریەکانی سوتەمەنی تایبەت بە هێڵی بەرگری بارلێڤی دیاریکردووە، کە ئیسڕائیلەکان بەنیازبوون لەکاتی ڕوودانی جەنگ سوتەمەنی بکەنە نۆکەندەکەوە و ڕووی ئاوەکە بکەن بە بڵێسەی ئاگر تاوەکو هیچ هێزیک نەتوانێت بپەڕێتەوە.

مانگێک پێش جەنگی ئۆکتۆبەر، سوپای میسر ڕێژەیەکی زۆر چووپی ئاوی کڕی، ئەمە بوو بە نوکتە لای ئیسڕائیلیەکان و میسریەکان، کە گوایە میسر بەنیازە بە چووپ سەینا ئازاد بکات.

لەڕاستیدا بڵاو بوونەوەی ئەو نوکتەیە کاری ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر خۆی بوو، ڕاستریش درۆ نەبوو هەرواش ڕوویدا، لە ٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣ کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، هەر یەک لە میسر و سووریا جەنگیان دژ بە ئیسڕائیل بەرپاکرد.

 

لە سەینا فڕۆکە جەنگیەکانی میسر دەستیان کرد بە لەناوبردنی ڕادار و بنکەکانی فەرماندەیی و بەرگریی ئاسمانیی هێڵی بارلێڤ، لە هەمانکاتدا ٢٠٠٠ تۆپ و مووشەک هاوێژ دەستیانکرد بە بۆردومانی هێڵەکە، تاوەکو سەربازە ئیسڕائیلیەکان ناچار بکەن بچنە نێو تونێلەکانیان.

 

بۆ ماوەی ٥٤ خولەک بۆردوومان بەردەوام بوو، لە هەمان کاتدا هێزی تایبەتی(ساعیقەی) میسر لە ژێر ئاوەوە هەموو بۆریەکانی سوتەمەنی تایبەت بە هێڵی بارلێڤیان داخست و نزیکەی ٣ هەزار سەربازی میسر بە چووپ دەستیان بە پەڕینەوە کرد و لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا هێڵی بەرگریی بارلێڤ دەستی بەسەرداگیرا.

کاتێک سەربازە میسریەکان خەریکبوون هێڵی بەرگری بارلێڤ بگرن، فرۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل بەپەلە هێرشێکیان ئەنجامدا، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەکراوبوو، سیستمی بەرگریی ئاسانی پێشکەوتووی میسر بوو، هێرشەکەیان بە زیانێکی زۆرەوە شکستپێهێنا، هەر بۆیە بەپەلە داوا لە تانکەکان کرا کە بەزوترین کات هێرشێکی گەورە ئەنجام بدەن و هەموو سوپای میسر لەناوبەرن پێش ئەوەی چەکە قورسەکانیان لە نۆکەندەکە بپەڕێننەوە، تانکەکان تەنها ٥کم لە بارلێڤ دووربوون.

 

لە هەمان کاتدا ئەرکێکی سەخت بە هێزی (ساعیقە)ی میسر سپێردرابوو، دوای شکانی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل، هەر زوو چەند کۆپتەرێکی میسری زۆر نزم بەسەر هێزەکانی میسردا رۆشتن و لە نێوان مەیدانی جەنگەکە و تانکە ئیسڕائیلەکاندا، سەربازانی(ساعیقە)یان دابەزاند، کە ئەرکی لەناوبردنی هێرشی تانکەکانی ئیسڕائیلیان پێسپێردرابوو، دەبوو بێ بوونی هیچ پاڵپشتیەک ئەرکەکەیان ئەنجام بدەن، گەر سەرنەکەون ئەوا هەموو شتێک لەدەست دەدەن.

یەکێک لە فەرماندەکانی ئیسڕائیل لە یادەوەریەکانیدا دەڵیت: چاوەڕوان بووین هەموویان بەئاسانی بشکێنین، وابیرمان کردەوە، کە هەر بەبینی ژمارەی زۆری تانکەکانمان ڕادەکەن، بەڵام لە ناکاو لە بیابانەوە ئاگرێک بەرەوڕومان هات و تانکی فەرماندەی یەکەکەیان تەقاندەوە، دواتر ئاگر لە دوای ئاگر بەرەڕووی تانکەکانمان دەهات و دەیانتەقاندنەوە، تا ئێوارە تەنها دوو تانک و یەک زرێپۆشم لەگەڵدا مایەوە و کشاینەوە، لەو کاتەدا لیوایەکی زرێپۆش، کە بەرەوڕوومان دەهات کە گەشتین بەیەک، فەرماندەکەیم دەناسی ناوی (گابی عمیر) بوو، وتی کوا یەکەکەت وتم ئەمە یەکەکەیە و پێکەنیم، ئەو دەیناسیم کە کەسێکم گاڵتە زۆر دەکەم بۆیە وتی گاڵتە دەکەیت؟ کوا یەکەکەت؟، وتم گاڵتە نیە(گابی) ئەمە یەکەکەیە .

 

ئیسڕائیلەکان بێ ئاگابوون لەوەی ئەو سوپایەی بەرامبەریانە هەمان سوپای جەنگی شەش رۆژە نیە و تەواو گۆڕاون، بێ ئاگاتربوون لەوەی کە چەکێکی نوێ چاوەڕێیان دەکات و چەکەکەش دژە تانکی سۆڤیەتی ( ٩ئێم ١٤ مالیوتكا) بوو.

 

لە سەینا ئیسڕائیل جەنگەکەی بە ٣٦٠ تانکەوە دەستپێکرد، بەڵام تەنها لە ٣٦ کاتژمێری یەکەمی شەڕەکەدا نیوەی تانکەکانی لەدەستدا.

 

هێڵی بارلێڤ بە ناوی حەیم بارلێڤەوە ناونرابوو کە ژەنەراڵ و سیاسەتمەدارێکی ئیسڕائیلیی بوو، حەیم لە ڤیەننا لەدایک بووە و ژیانی لە یوگۆسلاڤیا بەسەر بردبوو، هاوکات بەرپرسی جوڵەی هێزەکانی ئیسڕائیل بوو لە دژی میسر لە ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٠.

 

دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە هێڵی بارلێڤ قەڵایەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک بەهێزترین هێڵی بەرگریی بۆ هەموو سەردەمێک پۆلێنکراوە.

 

یەکەکانی تۆپخانەی زرێپۆش و میکانیکی بە درێژایی نزیکەی ١٧٠ کم لەسەر هێڵی کەناڵی سوێس جێگیرکرابوون، وا وێنا دەکرا گۆڕستانێک بێت بۆ هەر هێزێکی میسری کە هەوڵی بەزاندنی ئەم هێڵە پتەوە بدات.

 

وەک بەرپرسانی سەربازی ئیسڕائیلی دەیانوت؛ نزیکەی ٣٦ یەکەی بەهێز لە هێڵەکەدابووە، کە تەنیا هیزێکیان بەس بووە بۆ لەناوبردنی تەواوی کەتیبەیەکی میسری کە زیاتر لە ٩٠٠ سەربازی لە خۆ گرتووە.

 

بەڵام دوای شەڕی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣، هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە سەبارەت بە هێڵی نەبڕاوەی بارلێڤ بڵاوکرابوونەوە، بوونە بڵقی سەر ئاو.

سەڵاحەدین دەمیرتاش: لەسەر كورد و كوردستان سزا دەدرێم
پێشت سەڵاحەدین دەمیرتاش: لەسەر كورد و كوردستان سزا دەدرێم
پێنج سوودی ئاژەڵە ماڵیەکان لە ژیانی مرۆڤدا بزانە
دواتر پێنج سوودی ئاژەڵە ماڵیەکان لە ژیانی مرۆڤدا بزانە
ەیوەندیدار