سەرۆك کۆمار دەربارەی کەرکووك: دەبێت ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە



دوای كێشەكەی گەڕەكی نەورۆزی كەركووك، سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند، پێویستە بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی لیژنەی مادەی 140 بكرێت و ماف بۆ خاوەنەكانیان بگەڕێندرێتەوە و گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان چارەسەربكرێن.

ئەمڕۆ یەكشەممە، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆمار لە بەغدا پێشوازیكرد لە خالید شوانی وەزیری داد، نزار ئامێدی وەزیری ژینگە و ئەبوبەكر سدیق ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی (140).

سەرۆكایەتی كۆمار ڕایگەیاند، لە میانی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵات و شاری كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی كرا، سەرەڕای تاووتوێكردنی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان.

سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی پاراستنی دەستكەوتەكان كردەوە بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری، باشتركردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان، بەهێزكردنی یەكێتیی نیشتمانی و بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی.

هەر لە دیدارەكەدا، كارەكانی لیژنەی باڵای مادەی (140)ی دەستوور خرانەڕوو، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار پێویستی بەدواداچوون بۆ كاراكردنی بڕیارەكانی لیژنەكە لەڕێگەی كاری هاوبەش لەگەڵ دامودەزگا حكومییەكان دووپاتكردەوە، بەشێوەیەك كە پاراستنی مافی هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی ناو كەركووك مسۆگەر بكات.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر بایەخی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان لەڕێی جێبەجێكردنی یاسا و پیادەكردنی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەژێر رۆشنایی تەوافوقی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا.

لە دیدارەكەدا، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و رێژەی باشی بەشداریكردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان لە پارێزگای كەركووكدا خرایەڕوو. لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە، كە پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای كەركووك لەپێناو جێبەجێكردنی ئەركەكانی و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی پارێزگاكە و ناوچە جێناكۆكەكان بەشێوەیەك ماف بۆ خاوەنەكانیان بگەڕێندرێتەوە و زیانلێكەوتووان قەرەبووبكرێنەوە و دەرهاویشتە كەڵەكەبوەكانی بڕیارە ناڕەواكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، چارەسەربكرێن، كە بەئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی دەریكردبوون.

لەلایەن وەزیرانی داد و ژینگەوە ستایشی تێڕوانینەكانی سەرۆك كۆمار كرا لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی مادەی (140)ی دەستوور، كە دەبنەهۆی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی یاسا و تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەكان.

لایخۆشیەوە ئەبوبەكر سدیق ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی (140) روونكردنەوەی لەبارەی كارەكانی لیژنەكە و ئەوەی بە ئەنجامگەیشتووە و ئاستەنگەكانی بەردەم تەواوكردنی كارەكان پێشكەشكرد، جگە لە خستنەڕووی كۆمەڵێك پێشنیار بۆ پاڵپشتیكردنی كارەكانی لیژنەكە و ئەنجامدانی ئەركەكانی.

 

یەدەگی زێڕی عێراق لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرا کرا
پێشت یەدەگی زێڕی عێراق لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرا کرا
مامۆستایانی ناڕازی بۆ خەڵک: بایکۆت ناشکێنین
دواتر مامۆستایانی ناڕازی بۆ خەڵک: بایکۆت ناشکێنین
ەیوەندیدار