بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ماکدۆناڵدز: بازاڕمان نەماوە



بەڕێوەبەری جێبەجێکارو، خاوەنی زنجیرەی خواردنە خێراکانی ماکدۆناڵدز دەڵێت؛ کۆمپانیاکەی تووشی “دابەزینێکی گەورەی دارایی” بووە لە دوای ئەو مشتومڕەی لەسەر شەڕی ئیسڕائیل و حەماس لەسەریان هاتووەتە ئارا.

 

کریس کەمپچینسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ماکدۆناڵدز، ئاماژەی بەوەکرد، خواست لەسەر خواردنەکانیان لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵاتدا کاریگەری نەرێنیان هێناوەتە ئارا بەتایبەت دوای بانگەواز بۆ بایکۆتکردنی بەرهەمەکانمان.

 

ماکدۆناڵدز دوای دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە ڕایگەیاند؛ هەزاران ژەمی بێبەرامبەری بەخشیوە بە هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل.

 

ئەم هەنگاوە کاردانەوەی تووڕەیی و ڕەخنەگرانەی بەدوادا هات و بەشێکی زۆر لە چالاکان و هاووڵاتیان داوای بایکۆتکردنی ئەو براندەیان کرد.

 

دوای ئەم بایکۆتە لقەکانی ماکدۆناڵدز لە چەند وڵاتێک بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و بەڵێنیان دا، هاوتای پێشکەشکردنی هاوکاری بە سوپای ئیسرائیل هاوکاری پێشکەش بە غەززە بکەن.

 

کەمپچینسکی وتی: “ئێمە ڕقمان لە توندوتیژییە بە هەر جۆرێک بێت، لە دژی قسەی ڕقاوی وەستاوین و هەمیشەو بە شانازییەوە دەرگاکانمان بەڕووی هەموواندا دەکەینەوە.”

 

ماکدۆناڵدز خاوەنی بەڕێوەبردنی زیاتر لە ٤٠ هەزار لقە لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتدا، کە کۆی داهاتی ساڵانەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ٢٣ ملیار دۆلار بووە.

 

جیا لە ماکدۆناڵدز، کۆمپانیای لوش کە فرۆشیاری بابەتی جوانکارییە و زنجیرەی مارکیتەکانی جلوبەرگی زارا بەهۆی کاریگەرییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئیسڕائیل و حەماس کاریگەریی لەسەر بەهای فرۆشییان هەبووە بەو پێیەی بایکۆتی کالاکانیان کراوە.

یەکێتی پیاوان: توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادیکردووە
پێشت یەکێتی پیاوان: توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادیکردووە
شەپۆلی سەرما و باران هەرێم دەگرێتەوە
دواتر شەپۆلی سەرما و باران هەرێم دەگرێتەوە
ەیوەندیدار