ڕاکردن باشترە یان بە پێ ڕۆیشتن؟



هەمیشە پرسیار دەکرێت کە ئایا کامیان باشترە بۆ دابەزاندنی کێش: ڕاکردن یان بەپێ ڕۆیشتن؟ شارەزایانی بواری تەندروستی وەڵامێکی دیاریکراویان نییە، بەڵام دەتوانرێت بوترێت ئەوەی باشترینە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام دەبێت.

ڕاکردن خێراتر کالۆری دەسوتێنێت، لێدانی دڵ بەرز دەکاتەوە بەراورد لە بە پێ ڕۆیشتن، ئەمەش جەستە ناچار دەکات کالۆری بە ڕێژەیەکی خێراتر بسوتێنێت.

ماڵپەڕی Eating Well ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ڕاکردن یارمەتی دروستکردنی ماسولکەی بێ چەوری دەدات، کە میتابۆلیزم بەرز دەکاتەوە و ئاسانکاری بۆ دابەزاندنی کێش دەکات، بەڵام ڕۆیشتن بۆ دابەزاندنی کێش کاریگەریەکی باشی هەیە، بە مەرجێک بە بڕی پێویست ئەنجامبدرێت.

ڕەچەڵ مەکفێرسۆن، ڕاهێنەری کەسی بۆ ماڵپەڕەکە ڕوونیکردەوە، ڕاکردن لە بەپێ ڕۆیشتن بۆ دابەزاندنی کێش کاریگەرتر نییە، ئەگەر هەردووکیان بە بڕێکی یەکسان ئەنجامبدرێن، لە کاتێکدا ڕۆژانە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بە خێرایی ٥.٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ڕابکەیت، ئەوە مانای ئەوەیە ٧ کاتژمێر بە پێ دەڕۆیت، بۆ کەسێک کێشی ٦٨ کیلۆ بێت مانای سووتاندنی نزیکەی ١٨٠٠ کالۆری دەگەیەنێت لە هەفتەیەکدا.

ئەگەر هەفتەی سێ جار بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بە خێرایی ٩.٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ڕابکەیت، ئەمە مانای سووتاندنی نزیکەی ١٧١٠ کالۆری لە هەفتەیەکدا دێت.

ئەو ڕاهێنەرە باسی لەوەشکردووە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژتر و جێگیرتر بە پێ بڕۆیت، کالۆری زیاتر دەسوتێنیت، ئەنجامدانیان بەیەکەوە سوودێکی زیاتر بە جەستە دەگەیەنێت.

لەکاتێکدا ڕاکردن کالۆری خێراتر دەسوتێنێت، بە پێ ڕۆیشتن بۆ زۆرێک لە تاکەکان بژاردەیەکی ئاسانترە لە ڕاکردن، ئەمەش ڕێگە بە وەرزشکردنی درێژخایەن دەدات و بە تێپەڕبوونی کات کالۆری زیاتر دەسوتێنێت، لە کۆتاییدا کاریگەرترین ڕێگا بۆ دابەزاندنی کێش ئەو ڕێگایە کە بەردەوام دەتوانیت پابەند بیت پێیەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٤ ساڵدایە، بە درێژایی هەفتە لانیکەم ١٥٠ خولەک وەرزشی ئایرۆبی لەگەڵ چالاکیی جەستەیی مامناوەند ئەنجام بدەن، یان لانیکەم ٧٥ خولەک وەرزشی ئایرۆبی لەگەڵ چالاکیی جەستەیی بەهێز لە هەفتەیەکدا ئەنجام بدەن.

 

ئیمباپێ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد
پێشت ئیمباپێ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد
پەتاتەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان
دواتر پەتاتەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان
ەیوەندیدار