پێشەوا هەورامانی: ئەگەر عێراق پابەندی بەڵێنەكان نەبێت بیر لە چارەسەری دیكە دەكەینەوە



 

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دەستپێكی ساڵی نوێدا شاندی حكومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد، بەڵام سەردانی ئەمجارەیان جیاوازە و ئامانجیانە دەرئەنجامی هەموو ئەو كۆبوونەوانە بچننەوە، كە لە ساڵی 2023 زۆرترین هەوڵیان بۆ داوە و كاتێكی زۆریان پێوە كووشتووە و دەڵێت،”ئیتر هیچ مانایەك نەماوەتەوە بۆ دانیشتن”.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاند،”ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە 6ی مانگ تا 10ی مانگ كۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی.”

وتیشی، “پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەك نەماوەتەوە بۆ كۆبوونەوە و دانیشتن ئەگەر بێتو نەزانین دەرئەنجامەكەی چارەسەرە. پێویستە ئەمساڵ كێشەكانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێكەوتنەكان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەكەین لە حكومەتی فیدڕاڵ، حكومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیكەدا دەگەڕێت.”

لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 ەوە لە دوای بڕیارەكەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی كە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوی نەوتی هەرێم، شاندی هەرێمی كوردستان نزیكەی 16 جار سەردانی بەغدادی كردووە، بەڵام سەردانەكان ڕێككەوتنی یەكلایی كەرەوەیان بەدوادا نەهاتووە و بەشێك لە كێشە هەڵواسراوەكان كە لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەكان و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمدا خۆی دەبینێتەوە، بێ چارەسەر ماونەتەوە.

پێشەوا هەورامانی وتی، “لە ساڵی 2023 هەوڵی زۆرماندا وە دانیشتنی زۆر كران لەسەر پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەكان، باج و وردەكاری لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و لە هەمووی گرنگتر مەسەلەی نەوت، حكومەت هیچ نەمایەوە بیكات چی پێویست بوو كردمان.”

وتیشی، “بۆیە ساڵی 2024 وەك ساڵی دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە سەیر دەكەین، ئەو هەموو كاتەی بە كۆبوونەوە كوشتمان بە نیەتی دۆزینەوەی ڕێگەچارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە كات بدرێت بە كۆبوونەوەكان، چونكە ئەوەی پێویست بوو كردمان.”

ڕۆژی 27-11-2023 جارێكی تر شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی و بە هاوبەشی شاندێك چوونەوە بەغداد، بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، “مەبەست لە سەردانەكە چارەسەركردنی پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم بووە”.

دوا سەردانیش لە 10-12 ئەنجامدرا، هەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقدا كۆبوونەوە تایبەت بە پرسی گومرگەكان.

ئەم سەردانانە لەكاتێكدایە، بە هۆی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدادیشەوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12یان وەرنەگرتووە.

پێشەوا هەورامانی جەختی كردەوە، “پێویستە لەبەر خاتری سەقامگیری عێراق و مانەوەی عێراق بە سەقامگیری دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم جیا بكرێتەوە، هیچ بابێكی تر نەكرێت بەڵكو فەرمانبەرانی هەرێمیش وەك عێراق لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.”

“کوردستان توانای کپکردنی هێرشەکانی نییە و دەبێت داوا لە عێراق بکات”
پێشت “کوردستان توانای کپکردنی هێرشەکانی نییە و دەبێت داوا لە عێراق بکات”
“ئیسرائیل لە گەڵ عێراق و 5 بەرەی تردا لە شەڕدایە”
دواتر “ئیسرائیل لە گەڵ عێراق و 5 بەرەی تردا لە شەڕدایە”
ەیوەندیدار