ڤایرۆسێك لەناو منداڵان بڵاودەبێتەوە و پزیشكێك ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات



پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان ڕایدەگەیەنێت، ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لەو ڤایرۆسە باوانەی ڕێڕەوی هەناسە، کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات و دەشڵێت، باشترە منداڵان بپارێزین لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە ئەوەش لە ڕێگەی (پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ و ماچ نەکردن و دەست لێ نەدانی منداڵی بچووک) لەلایەن کەسانی نەخۆش.

‎دکتۆر سۆران سابر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە نووسینێکدا ئاماژە بە جۆری ئەو ڤایرۆسەی، لە ئێستادا لەناو منداڵاندا بڵاوە و ڕایگەیاندووە، ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لەو ڤایرۆسە باوانەی ڕێڕەوی هەناسە، کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا (التهاب قصبات) دەکات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە وەرزی زستان زیاترە بە تایبەتی لە مانگی ١٢ و ١ دەگاتە لوتکە و نەخۆشخانەکان پڕ دەبن لە منداڵی تووشبوو بەو ڤایرۆسە بە تایبەتی ئەوانەی لە خوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و بەهۆیەوە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ لە جیهان گیان لەدەست دەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن بۆ پێدانی ئۆکسجین و چارەسەری پێویست.

نیشانەکانی سەرەتا بریتین لە: کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێک جار دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی و سیخەی سنگ، كە 3 بۆ 7 ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.

دەشڵێت: “ئەو منداڵانەی تەمەنیان زۆر بچوکە یان بە ناکامی لەدایکبوون، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی دڵ و سنگیان هەیە و ئەوانەی بەرگرییان لاوازە لەوانەیە دووچاری مەترسی ببنەوە و نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بە تایبەتی لە ڕێگەی کۆکین و پژمین دەستلێدان لەو شوێنانەی، کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە بۆیە زوو بڵاودەبێتەوە.

ئەو پزیشكە نووسیویەتی، باشترە منداڵان بپارێزین لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە ئەوەش لە ڕێگەی گرنگیدان بە (پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ و ماچ نەکردن و دەست لێ نەدانی منداڵی بچوک ) لەلایەن کەسانی نەخۆش”.

سەردانی پزیشکی پسپۆر یان نەخۆشخانە بکەن لە کاتانەدا:
یەکەم– کاتێک منداڵەکەت زۆر بچوکە و نەخۆشە
دووەم– تای زۆر بەرز بێت
سێیەم– تەنگەنەفەس بێت و سیخەی سنگی بێت
چوارەم– نەخواردنی شیر و خواردن
پێنجەم– ناڕەحەتی یان نەتوانێ بخەوێت
شەشەم– ڕشانەوە و وشکبوون و بێهێزی

ئەو پزیشكە جەختیشی كردۆتەوە، ئەو ڤایرۆسە پێویستی بە دەرمانی دژە هەوكردن واتە (ئەنتی بایۆتیک) نییە، بەڵکو زۆربەی جار خۆی چاک دەبێتەوە، بەڵام لەکاتی هەناسە تەنگی پێویستی بە ئۆکسجین دەبێت.

 

بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان دەگۆڕدرێت
پێشت بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان دەگۆڕدرێت
ئەنجلینا جولی: مافی مرۆڤ لە جیهاندا درۆیەکی گەورەیە
دواتر ئەنجلینا جولی: مافی مرۆڤ لە جیهاندا درۆیەکی گەورەیە
ەیوەندیدار