ئیدی بەدەنگ یەکلایی دەبێتەوە



ڕێکار ئەحمەد

ئاکامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کەرکووک مستێکی لە قەپۆزی ئەردۆغان و ئەرشەد سالحی دا، ئەوان شەش ساڵە دەڵێن زۆرینەی دانیشتوانی کەرکووک تورکمانن و ئەم پارێزگایە هی تورکمانە!! تورکیا دەیویست بەو بیانۆیەوە لەشکرکێشی بۆ ناو باشووری کوردستان بکات، بەڵام خۆشبەختانە بە دەنگی کوردستانیانی کەرکووک، خەونەکانی ئەردۆغان و سەرانی تورکیا لە گۆڕ نران، ڕۆژێک دێت باکووری کوردستانیش بە دەنگ خاوەندارێتی لە خۆی دەکات و خەونە گڵاوەکانی ڕەگەزپەرستان لە گۆڕ دەنێت و ڕەوانەی لانکەی باپیرانیان دەکاتەوە.

ئاکامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کەرکووک عەرەبە ڕەگەزپەرستەکانیشی نائومێد کرد و چیتر ناتوانن بڵێن عەگال لە سەری کەرکووک دەنێین. ئەگەر ئەوان بەر لە هەزار و چوار سەت ساڵ  بە ناوی ئیسلامەوە هاتن و  خاکی کورد و کلدانیان داگیرکرد. ئەگەر ئەوان بە درێژایی ئەو هەزار و چوارسەت ساڵە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگاکانی عێراقیان دا و شوێنی خۆیان لەم خاکەدا کردەوە، هەروەها لە سەت ساڵی ڕابردووشدا لێبڕاوانە مەبەستیان بوو پارێزگاکانی موسڵ و کەرکووک بە دەردی بەسرە و بەغدا و شارەکانی دیکە ببەن، بەڵام ئێستا سەریان لەبەردی کێوەکانی کوردستان دا، نابێ جارێکی دیکە بیر لە توانەوە و سڕینەوەی نەتەوەی کورد بکەنەوە. کەرکووک بەرگەی ڕاگواستن و ئەنفال و بە عەرەبکردنی گرت و نەکەوت، ئیدی ڕابوونەوەی مسۆگەرە و ماف بۆ خاوەن ماڵ دەگێڕێتەوە.

مێژوو گەواهی ئەو ڕاستییە دەدات کە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ساسانی و هاتنی عەرەبی موسڵمان، ئینجا مەغۆل، سەلجوق ، تاتار و تورک لە نیشتمانە وشک و برینگ و بێ خێرەکەیان، خۆیان ڕاپسکاند و لە سنووری شاری هەرخانە(مەرغانە)  پەڕینەوە، دواتر پەلاماری خەڵکی لاشەڕیان دا و ڕەشەکوژییان پیڕۆ کرد و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتن، ئەمڕۆ دوای شەش سەت ساڵ لە دەستەڵاتی خوێناوی تورک، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بە دەنگی خۆمان ناسنامەی کوردستانیبوون بۆ خاکە داگیرکراوەکان بگێڕینەوە. ئەگەر بە درێژایی سەت ساڵی ڕابردوو، بەهۆی شەڕی سارد و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێرەوە، تورکە ڕەگەزپەرستەکان ئەسپی خۆیان تاو دەدا و نکۆڵیان لە هەبوونی کورد و کوردستان دەکرد، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە  هەر بە دەنگی زۆرینەی خەڵک هۆپیان پێ بکرێت و ڕابوەستێنرێن تا چیتر زماندرێژی نەکەن.

ئەم سەدەیە، سەدەی ڕابوونەوەی نەوەکانی میدیا دەبێ، جیهان بە چاوی خۆی کورتبوونەوەی دەستی داگیرکاران دەبێنێت و بۆ هەموو لایەک سەرڕاست دەبێتەوە کە زێدی کوردان لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانێتی بووە و چیتر بە بندەستی نامێنێتەوە، کۆت و  زنجیری دیلی دەپسێنێ، نیشتمانەکەی ڕزگار دەکات و سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێتەوە.

 

بردمانەوە… ئەی دوای ئەوە!
پێشت بردمانەوە… ئەی دوای ئەوە!
عەلی عەلاق: تەکنەلۆژیا گەندەڵی لە عێراق بنبڕ دەکات
دواتر عەلی عەلاق: تەکنەلۆژیا گەندەڵی لە عێراق بنبڕ دەکات
ەیوەندیدار