مالیزیا ڕێگری لە کەشتییەکانی ئیسرائیل دەکات



سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ڕێگری دەکات لە جێگیربوونی کۆمپانیای کەشتیوانی ئیسرائیلی “زیم” لە بەندەرەکانیدا، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرش و داگیرکارییانی بۆ سەر خاکی فەڵەستین ئەنجامی دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنوەر ئیبراهیم، ​​سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ڕایگەیاند، ڕێگری دەکات لە جێگیربوونی کۆمپانیای کەشتیوانی ئیسرائیلی “زیم” لە بەندەرەکانیدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم قەدەغەکردنە وەڵامێکە بۆ ئەو کارانەی ئیسرائیل ل غەززە ئەنجامی دەدات، کە پێشێلکردنی بنەما سەرەتاییە مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.

جێگای سەرنجە کە مالیزیا وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەیە کە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپادا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە.

ئەنوەر ئیبراهیم، ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە فشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئیدانەکردنی حەماس ڕازی نییە، لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپی چەندین جار لە کۆبوونەوەکاندا داوایان لە مالیزیا کردووە، حەماس ئیدانە بکات.

ناوبراو لە وتارێکیدا لەبەردەم پەرلەمان لەو کاتەدا وتی، ” لە ڕووی سیاسییەوە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ حەماس هەیە و ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت”.

مالیزیا پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ دۆزی فەڵەستین ڕاگەیاندووە، بانگەشە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان کردووە.

زۆرجار پێش ئەوە سەرکردە باڵاکانی حەماس سەردانی مالیزیایان دەکرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبوونەوە.

لە ساڵی ٢٠١٣ نەجیب ڕەزاق سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیا سەرپێچی لە گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و لەسەر بانگهێشتی حەماس پەڕینەوە بۆ ناو کەرتی فەلەستین.

ئەم بڕیارەی مالیزیا لەژێر ڕۆشنایی ئەوە دێت کە چەند کۆمپانیایەکی کەشتیوانی وەستاندنی کارەکانیان لە دەریای سوور ڕاگەیاند، دوای ئەوەی حوسییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کەشتی و تانکەرانەی کە گروپەکە دەڵێت مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن یان خاوەندارێتی کۆمپانیا یان بازرگانانی ئیسرائیلی دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستین، ڕۆژی دووشەممە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی فرەنەتەوەیی بۆ پاراستنی بازرگانی لە دەریای سوور ڕاگەیاند، دوای دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانی سەر بە ئێرانەوە لە یەمەن.

حوسییەکان دەڵێن، بۆ پشتیوانیکردن لە فەڵەستینییەکان لە غەززە بەردەوامن لە هێرشەکانیان، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەشتیانەی لە کەنداوی عەقەبە بەرەو بەندەری عیلات دەڕۆن، دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا دەستیپێکردەوە، نزیکەی هەزار و ١٤٠ کەس کوژران کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیکەی ٢٥٠ کەسیش بە بارمتە گیران، بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، کە ١٢٩ کەسیان تا ئێستا لە زینداندان لە غەززە.

ئیسرائیل سوێندی خواردووە کە حەماس “لەناوببات” و هێرشێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە کە بەهۆیەوە وێرانکارییەکی بەرفراوانی لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە ئەنجامداوە، لە بۆردومانەکەدا لانیکەم ١٩ هەزار و ٦٦٧ کەس کوژراون کە نزیکەی لەسەدا ٧٠ی ئەو کەسانە ژن و منداڵ بوون.

دادگای کۆلۆرادۆ: ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ناشێ
پێشت دادگای کۆلۆرادۆ: ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ناشێ
بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردومان کرا
دواتر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردومان کرا
ەیوەندیدار