“دەرچون بگۆڕن بە سەرکەوتن ، هەڵمەتە ناشیرینەکانتان دژی یەکتر ڕابگرن”



پارێزگاری سلێمانی سوپاسی دەنگدەرانی کەرکوک دەکات و خۆی بە قەرزارباریان دەزانێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکرد لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک  دەڵێت”زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، ئەگەر ئیرادە مابێت و شکستمان ئەزمون کردبێت، لێرەوە، لەگەڵ تێبینیی و نیگەرانیی و مەترسیی بەشدارینەکردنی وەک پێویست لە هەڵبژاردنەکان و پرۆسەکەو ئەنجامەکانیشدا، پیرۆزبایی تەواوبوونی ئارامانەی هەڵبژاردنەکان دەکەین، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو لایەن و لیست و قەوارانە دەکەین کە بەهەر جۆرێک بوو, بەشداربوون، پیرۆزبایی لە دەرچووەکان دەکەین.

د.هەڤاڵ نووسیویەتی،کوردانی جوامێری خێرلەخۆنەدیوی بوێرو دوربین و وردبین و بەئیرادەو بە هیممەت و هەڵمەتی کەرکوک و موسڵ و خانەقین و ناوچە کوردستانییە لە کوردستان دابڕێنراوەکان، کوردیان لە کەناری پاکتاوێکی دیموکراسیی پاراست، شکۆمەندانە ڕۆحیان بەبەری کوردایەتیی و گیانی نیشتمانیدا کردەوە.

دەشڵێت، سوپاس و پێزانین و پشتیوانیی و وەفاو ئەمەکداریی و قەرزارباریی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە.

ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ ئەوەی ڕەنج و گەنج و ئومێدی ئەوان و هەموو هاووڵاتیان بە هەدەر نەدەینەوە، لە ئێستاوە پێویستە هەموو لایەنە دەرچووە کوردستانییەکان، دەرچون بگۆڕن بە سەرکەوتن، سەرکەوتن تەنها ئەوەنییە کە دەرچوون، چونکە پێشتریش دەرچوبون و کەوتن، سەرکەوتن ئەوەیە دەستپێشخەربن بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد و کوردستان و عیراق.

د.هەڤاڵ پەیامێکیش ئاراستەی هێزە کوردییەکان دەکات و دەڵێت” ژمارە کەمەکان کۆبکەنەوەو ژمارەیەکی گەورەی پێدروستبکەن کە چیتر کورد مەترسیی پاکتاوکردن و کوردستان مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیی و داگیرکاریی و پەراوێزخستنی لەسەر نەبێت، گەمەکە تەواو بوو، هەڵمەتە ناشیرینەکانتان دژی یەکتر ڕابگرن، تەبابن، بەرنامەو پلان و پاکێج و ستراتیژێکی نیشتمانیانە دابڕێژنەوە بۆ ئەوەی چیتر بە گورگانخوارد نەدرێن”.

دەشڵێت”ڕۆژی یەکبوون و دەستپێشخەریی نیشتمانییە، بۆ ئەوەی زۆرەکەتان بە ناکۆکیی کەمنەکەن و لە ڕێنەکەوتنی ئێوەدا، کەمی خەڵکی تر خۆی بەسەرتاندا، شۆڕنەکاتەوە، دەرچوون بکەن بە سەرکەوتن، چاوی لێتانە، دایکی وەتەن”.

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیرکران
پێشت دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیرکران
وەزارەتی کارەبا بڕیاری لەبارەی کارەباوە دەرکرد
دواتر وەزارەتی کارەبا بڕیاری لەبارەی کارەباوە دەرکرد
ەیوەندیدار