بازاڕی خانووبەرە دەبووژێتەوە



سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران کۆبووەو رایگەیاند، لە داھـاتوویەکی نـزیکدا لە بەرژەوەنـدی ھاووڵاتیان و پرۆژەکانی وەبەرھێنان بڕیاری گونجاویان لەبارەوە دەدرێت، بـە ئاراستەی بوژاندنەوەی سێکتەری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان.

 

دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-12-2023، د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرھێنەرانی سنووری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بازاڕی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و بووژاندنەوەی سێکتەرەکانی وەبەرھێنان لە ناویاندا کەرتی خانووبەرە و ڕەخساندنی دەرفەتی کار گفتوگۆی لەسەر کرا.

 

بە گوێرەی راگەیەندراوی دەستەکە، بۆ باشتر کردنی دۆخی ئابوری و بازاڕی وەبەرھێنان لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە چەندین ڕاو سەرنج و پێشنیار خرانەڕوو، کە لە داھاتوویەکی نزیکدا لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و پرۆژەکانی وەبەرھێنان بڕیاری گونجاویان لەبارەوە دەدرێت، بە ئاراستەی بوژاندنەوەی سێکتەری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان.

 

لەبارەی کۆبوونەوەکە یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی “خەڵک”ی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان سازدا کە تیایدا زۆرێک لەو گرفت و ئاستەنگانەی لە سێکتەرەکانی نێشتەجێبوون و کەرتی خانووبەرەدا بۆ وەبەرهێنەران هاتبوونە پێش خرانە بەرباس و تاوتوێی رێکخستنەوەیان کرا.

 

وتیشی: هەمووان هەوڵمان بۆ بەرهەمدارکردنی سەرجەم سێکتەرەکانی وەبەرهێنانە و دەمانەوێت بوژانەوە لە گشت سێکتەرەکاندا بێتە ئاراوە بە تایبەت بواری نیشتەجێبوون، کە لە ئێستادا دەرفەتێکی زۆری رەخساندووە بۆ دەستی کاری ناوخۆیی و جووڵەیەکی داوەتە بازاڕ.

 

ئاشکراشیکرد، کە لەداهاتوودا بوژانەوە و بەرەوپێشچوونی گەورە لە وەبەرهێنانی نێشتەجێبووندا دێتە ئاراوە، بڕیاریشە لە داهاتووشدا وەربەرهێنەران و دەستەی گشتی وەبەرهێنان و فەرمانگەکان کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدەن، لەم بارەیەوە.

 

هاوکات هەوڵەکانی دەستەی گشتی وەبەرهێنانی بەرزنرخاند و وتی: هەمیشە دەرگایان کرایەوە بۆ وەبەرهێنەران و بەردەوام لە رێیانەوە کێشەو گرفتەکانمان لەگەڵیان خستووەتەوەڕوو هەوڵی جدییان داوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە سێکتەری وەبەرهێناندا هەیە.

سودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە چارەسەرێک دەخاتەڕوو
پێشت سودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە چارەسەرێک دەخاتەڕوو
کەشناسی: ئەمشەو تەم دروست دەبێت
دواتر کەشناسی: ئەمشەو تەم دروست دەبێت
ەیوەندیدار