سەرکردەیەکی پارتی تەقەدوم: حەلبوسی دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی



سەرکردەیەکی پارتی تەقەدوم ڕایگەیاند، لە ڕێگەی یاساییەوە هەوڵدەدرێت بۆئەوەی حەلبوسی بگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ڕابردوو بە بڕیارێكی دادگەی باڵای فیدراڵی لە پۆستەكەی وەک سەرۆکی پەرلەمان دوور خرایەوە، زۆرینەی چاودێران هۆكاری دوورخستنەوەیان بە سیاسی ناوبرد.

هاوکات سەركردەیەكی پارتی تەقەدوم ئاماژە دەكات كە جموجۆلێك هەیە بۆ گەڕاندنەوەی حەلبووسی بۆ پۆستەكەی.

محەمەد عەلاوی، سەرکردەیەکی پارتی تەقەدوم بە ئاژانسی “شەفەق نیوزی” ڕاگەیاند، “جوڵەیەکی یاسایی لە ئارادایە بۆ گەڕاندنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان بۆ پۆستەکەی دووبارە بە پێی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەری گەڕانەوەی حەلبوسی بۆ پۆستەکەی هەیە، هەوڵێکی یاسایی و سیاسیش هەیە بۆ ئەو کارە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان”.

عەلاوی وتیشی، “هیوایەکی زۆر هەیە بۆ گەڕانەوەی حەلبوسی بۆ پۆستەکەی لە ئایندەیەکی نزیکدا”.

ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە دواخستنی ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەن بۆ جێگرتنەوەی محەمەد حەلبوسی دوورخراوە.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، لە چواردەی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە بڕیاریدا بە فەرمی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبوەشێتەوە.

بەهای دۆلار دابەزی و نرخی زێڕ هەڵکشا
پێشت بەهای دۆلار دابەزی و نرخی زێڕ هەڵکشا
پەرلەمانتارێکی عێراق: لەبەر ئەم هۆکارانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە
دواتر پەرلەمانتارێکی عێراق: لەبەر ئەم هۆکارانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە
ەیوەندیدار