“قەیرانی غاز دروستدەبێتەوە”


لە ئەگەری زیادنەکردنی بەشە غازی پارێزگاکان، ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی غاز هەیە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا بەڵگەی بردنە دەرەوەی غازی هەرێمی کوردستانی لایە.

کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمبوونەتەوە، بەپێی وتەی هاووڵاتیان ڕۆژانە کەمتر لە حەوت کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە، هاوکات نرخی نەوتی سپی گرانە، هاووڵاتیان ناتوانن بە ئاسانی نەوت بکڕن، تەنانەت ئەو نەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشیدەکات نرخەکەی سەرو ١٠٠ هەزار دینارە.

پلەکانی گەرما بەردەوامن لە نزمبوونەوە، کەمتر لە ١٠ ڕۆژ بۆ وەرزی زستان ماوە، کەشوهەوا تەواو ساردی کردووە، هاووڵاتیان بەهۆی گرانی نەوتی سپی و کەمی کارەبای نیشتیمانی، پەنادەبەنە بەر غاز بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان.

لەکاتێکدا خواست لەسەر غاز لە مانگی ١٢ بۆ مانگی سێی ساڵی داهاتوو دەبێتە نزیکی دوو هێندە، بەڵام حکوومەت هەمان بڕە غازی وەرزەی هاوین بۆ کارگەکانی غاز دابیندەکات، بەمەش قەیرانی کەمی غاز دروستدەبێت.

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیژنەی سووتەمەنی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵانە لە مانگی ١٢ بۆ سێ گرفتی کەمی غاز دروستدەبێت، هەرچەندە هەموو ساڵێک داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ زیادکردنی بڕی غاز لە ٢٠٠ تۆنەوە بۆ ٥٠٠ تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی، هەروەها زیادکردنی غاز لە ٧٥٠ تۆن بۆ هەزار و ٥٠٠ تۆن بۆ هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، سەرباری ئەو داواکاری و نوسراوە بەردەوامانەیان بۆ زیادکردنی بڕی غازی هاووڵاتیان بەڵام لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە و بڕی غازەکەش زیادنەکراوە.

دەڵێت “بە لێکدانەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو، کە ئەمە پێشبینی نییە بەڵکو حەقیقەتە، چونکە ڕێژەی پێدانی کارەبا لە ساڵی ڕابردوو کەمترە، نەوتیش بەشێک لە هاووڵاتیان هەر نایکڕن بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە، ئەگەر پلەی گەرمی زیاتر دابەزێت قەیران دروستدەبێت”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، غاز دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵگە و نوسراویان لەبەردەستە، ئەمەش بە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی غاز دەزانێت، تا غاز بنێردرێتە دەرەوە، قەیرانی غاز ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.

ژمارەی کوژراوان لەنێو سوپای ئیسڕائیلدا ڕوو لەزیادبوونە
پێشت ژمارەی کوژراوان لەنێو سوپای ئیسڕائیلدا ڕوو لەزیادبوونە
نرخی قەل و قاز گران بووە
دواتر نرخی قەل و قاز گران بووە
پەیوەندیدار