دامەزراوەیەکی عێراقی: 93 ترلیۆن دینار لای هاووڵاتییان خەوێندراوە



دامەزراوەیەکی ئابووری عێراقی لەو بڕوایەدایە کە نزیکەی 93 ترلیۆن دینار لە دەرەوەی سیستمی بانکی عێراقدا هەیە و هاووڵاتییان لای خۆیان گلیان داوەتەوە کە بە پارەی “خەوێندراو” ناودەبرێت.

دامەزراوەی “عێراقی موستەقبەل” بۆ توێژینەوە و راوێژکاری ئابووریی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی دراوی نەخت بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2022دا بەهای دراوی چاپکراو 78 ترلیۆن دینار بووە، بەڵآم لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 102 ترلیۆن دینار و ڕێژەکەی 9.24٪ بەرزبووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بڕی ئەو پارەیەی لە دەرەوەی سیستمی بانکی عێراقدایە دەگاتە نزیکەی 93 ترلیۆن دینار و ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 بە ڕێژەی 30٪ی زیادیکردووە.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، نزیکەی 12 ملیۆن هاووڵاتی کە تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵییەوەیە، بیمەی کۆمەڵایەتی وەرناگرن و بە پێی ڕاپۆرتی دامەزراوەکەش هەریەك لەم 12 ملیۆن کەسە نزیکەی حەوت ملیۆن و 200 هەزار دیناریان لە ماڵەوە هەڵگرتووە.

ڕوونیشیکردەوە کە سەرباری دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، بەڵام بە بەراورد بە 2022، ڕێژەی پارەی خەوێندراوی هەر هاووڵاتییەك 4٪ زیادیکردووە.

پارەی خەوێندراو بەو پارەیە دەوترێت کە هەر هاووڵاتییەك دوور لە سیستمی بانکی هەڵیگرتووە و بۆ وەبەرهێنان و کڕینی پێداویستی بەکاری ناهێنێت.

دامەزراوەی عێراقی موستەقبەل لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەندێك کەس ئەو ژمارانە بە لۆژیکی نازانن، چونکە هاووڵاتییان بە دەست بێ پارەیی و خراپی دۆخی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن، بەڵآم لەگەڵ ئەوەشدا بەرگری لە داتا خەمڵێنراوەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: “بانکی ناوەندی لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 24 ترلیۆن دیناری چاپکردووە و زیاتر لە 22 ترلیۆنی لای هاووڵاتییان خەوێندراوە”.

وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی گردبوونەوە
پێشت وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی گردبوونەوە
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر
دواتر ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر
ەیوەندیدار