شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلی سەرما و بەفربارین ئەگەرێکی لاوازە



شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ڕۆژانی ئایندە ڕاگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام شەپۆلی سەرما و بەفربارین ئەگەرێکی لاوازە.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی سێشەمەوە ١٢ی مانگ لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و نزمەپاڵەپەستۆیەکی چالاکی دەریای سوور کە بارستە ھەوایەکی شێداری لەگەڵ دەبێت شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا ڕۆژی سێشەمە بەشێوەی تاوە باران و بروسکە لە کات و ناوچەی جیاجیادا دەستپێدەکات و لە ڕۆژی چوارشەمەوە پێشبینی دەکرێت کاریگەریەکانی چالاک ببێت بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین ئەگەری بارانێکی باش و بەردەوامی دەبێت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک، ھەولێر و کەرکوک کاریگەری کەمتر دەبێت و بە ڕێژەی مامناوەند و پچر پچر باران دەبارێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردیش ھەر لە ڕۆژی چوارشەممەدا لە ناوچە شاخاویە سنورویەکان لە بەرزی زیاتر لە ١٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە سەنتەری حاجی ئۆمەران ئەگەری بارینی بەفر دەبێت .

ئاراس جەبار، باسی لەوەکرد، کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانمان تا بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەمە دەخایەنێت و دواتر کۆتای پێدێت، سەبارەت بە ماوەکانی دواتر بە تایبەت ئەم ماوەیە کە دەنگۆی ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و بارینی بەفر لەسەنتەری شارەکاندا بڵاوبووەتەوە ئەم شەپۆلە تا ئێستا بە شێوەیەکی لاواز لەسەر نەخشەکانی کەشوھەوا دەبینرێت لە نێوان ١٨ بۆ ٢٣ی مانگ واتا تا ئێستا جێگیر نییە.

وتیشی، ئەگەری گۆڕانکاریەکی زۆری دەبێت تا کاتی نزیکبوونەوەی شەپۆلەکە و لەوانەیە نەمێنێت یان بە شێوازێکی دیکە کاریگەریەکانی بگۆڕێت بۆیە تا ئێستا و بۆ ئەم مانگە ئەگەری بارینی بەفر لەسەنتەری شارەکان و ھاتنی شەپۆلی سەرما لاوازە.

 

پسپۆڕێک ئەو خۆراکانە دەستنیشان دەکات کە زیانیان بۆ مێشک هەیە
پێشت پسپۆڕێک ئەو خۆراکانە دەستنیشان دەکات کە زیانیان بۆ مێشک هەیە
ئەردۆغان: کوردی قەدەغە بوو، بەڵام ئێمە ڕێمان بۆ کردەوە
دواتر ئەردۆغان: کوردی قەدەغە بوو، بەڵام ئێمە ڕێمان بۆ کردەوە
ەیوەندیدار