بەم ١٦ مەرجە خانووە زیادەڕۆییەکان تاپۆ دەکرێن



سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی رایگەیاند، ١٦ مه‌رج دیاریكراون بۆ تاپۆكردنی خانوه‌ زیاده‌ڕۆییه‌كان و هه‌ركه‌سێك مه‌رجه‌كانی تێدانه‌بێت، خانوه‌كه‌ی بۆ تاپۆ ناكرێت، به‌گوێره‌ی یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانیش، پێویسته‌ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ی داوه‌ خێزاندار بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ڵت بێت بۆی تاپۆ ناكرێت، چونكه‌ سه‌ڵت كێشه‌ی نیشته‌جێبونی نییه‌.

سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی پەیامێکی له‌ژێر ناوی (هۆشیاری یاسایی) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:” پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوی سه‌دان هاوڵاتی كه‌ داواكارییه‌كانیان به‌ ئه‌نجام گه‌یشتون و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵاوه‌ بڕیاریان لێدراوه‌ هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێكی داواكارییه‌كان ره‌تكراونه‌ته‌وه‌ و بۆیان تاپۆ ناكرێت”.

شارەوانی سلێمانی دەشڵێت:”مه‌رج نییه‌ هه‌ركه‌سێك ناوی له‌ په‌یجی شاره‌وانی بڵاوكرایه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌بێت كه‌ خانوه‌كه‌ی بۆ تاپۆ كراوه‌، به‌ڵكو ئه‌و ناوانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ دێن كه‌ داواكارییه‌كه‌یان به‌ ئه‌نجام گه‌یشتون، ئیدی به‌ تاپۆكردن بێت یان به‌ تاپۆنه‌كردن یان به‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌”.

راشیگەیاندووە:” “مه‌رج نییه‌ هه‌ركه‌سێك داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانوه‌ ته‌جاوزه‌كه‌ی پێشكه‌شكردبێت، مافی تاپۆكردنی هه‌بێت و خانوه‌كه‌ی بۆ تاپۆ بكرێت، به‌ڵكو تاپۆكردنی خانوه‌ زیاده‌ڕۆكان به‌پێی یاسای (ژماره‌ 3ی ساڵی 2019) هه‌مواركراو به‌ یاسای (ژماره‌ 7ی ساڵی 2021) له‌گه‌ڵ رێنمایی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار (ژماره‌ 3ی ساڵی 2021) كۆمه‌ڵێك مه‌رجی هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌مو ئه‌و مه‌رجانه‌ بێنه‌دی تاوه‌كو خانوه‌ زیاده‌ڕۆكه‌ تاپۆ بكرێت”.

شارەوانی سلێمانی دەشڵێت، مەرجەکانیش دەکرێن بە دوو بەشەوە: (٦) مەرجیان پەیوەندارن بەو کەسەی داوای تاپۆکردنەکەی کردووە و (١٠) مەرجیش پەیوەندارە بەو خانووەی داوای تاپۆکردنی کراوە بەم شێوەیە:
یەکەم/ مەرجەکانی زیادەڕۆکار:
١- پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە عێراقی بێت.
٢- پێویستە داواکار تەمەنی یاسایى تەواو کردبێت.
٣- پێویستە پێش رێکەوتى (٢٠٢٢/٠٩/٠٩) داواکاری دابێت بە یەکە کارگێڕییەکان (پارێزگا، قائیمقامیەت، ناحیە) بۆ تاپۆکردنی خانووە تەجاوزەکە، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکاری پێشکەش نەکردبێ ئەوا خانووەکەی بۆ تاپۆ ناکرێت.
٤- پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کرێچیی دەوڵەت یان کرێچیی کەسێکی تر بێت یان پاش پێشکەشکردنی داواکارییەکە خانووەکەی فرۆشتبێ ئەوا بۆی تاپۆ ناکرێت.
٥- پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خێزاندار بێت، بۆیە ئەگەر سەڵت بێت بۆی تاپۆ ناکرێت چونکە سەڵت کێشەی نیشتەجێبوونی نییە، مەگەر داواکارە سەڵتەکە بەخێوکەر یان بەخێوکراوی کەسێک بێ و ئەمەش بە بەڵگەنامەی بەخێوکردن (حجة الإعالة) بسەلمێنێ و پەیوەندی نێوان بەخێوکەر و بەخێوکراویش لە پلەچوار تێپەڕ نەکات ئەوسا لەسەر سەڵتیش تاپۆ دەکرێت.
٦- پێویستە ئەو کەسەی داواکارییەکەی داوە خۆی و هاوسەرەکەی پێشتر بەپێی یاسای (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩ هەموارکراو) خانووی تریان بۆ تاپۆ نەکرابێت و هەروەها بەپێی ئەو یاسایەش قەرەبوو نەکرابنەوە چونکە لەم یاسایەدا داواکار و هاوسەرەکەی بە یەک کەس دادەنرێن.

دووەم/ مەرجەکانی زیادەڕەوییەکە:

٧- پێویستە خانوو بێ، واتە زەوی و هەیکەل تاپۆ ناکرێت.
٨- پێویستە خانووەکە لەسەر موڵکی دەوڵەت دروستکرابێ، واتە تەجاوزی سەر موڵکی نیشتەجێی هاوڵاتی تاپۆ ناکرێ بەڵکو ئەوە کێشەیەکی شەخصییە لەنێوان خاوەنی زەوییەکە و ئەو کەسەی تەجاوزی کردووتە سەر موڵکەکەی و خۆیان یەکلای دەکەنەوە یان رێگەی دادگا دەگرنەبەر.
٩- پێویستە خانووەکە بە زیادەڕەوی دروستکرابێ، بۆیە ئەگەر خانووەکە خانووی میری بێ یان رێکخراوەکان دروستیان کردبێ ئەوا تاپۆ ناکرێت.
١٠- پێویستە خانووەکە پێش رێکەوتى (٢٠٢٠/١٢/٣١) دروستکرابێ، ئەمەش بە وێنەی سەتەلایتی بە ئاسانی دەسەلمێت و هەرکەسێک خانووەکەی پاش ئەو رێکەوتە دروستکردبێ بۆی تاپۆ ناکرێت.
١١- پێویستە خانووەکە لە پێش (٢٠٢٠/١٢/٣١) لە ناو سنووری شارەوانیدا بووبێت، مەبەستیشمان لە سنووری شارەوانی سنووری ماستەرپلانە نەوەک سنووری قەدەغەی ماستەرپلان، بۆیە ئەگەر خانوویەک لەو رێکەوتەدا لە دەرەوەی سنووری شارەوانی بووبێ و دواتر کەوتبێتە سنووری شارەوانییەوە ئەوا تاپۆ ناکرێت.
١٢- پێویستە خانووەکە لە دەرەوەی حەرەمی گوندەکان بێت، وە حەرەمی گوندیش بەپێی نەخشەی کادسترۆی کشتوکاڵی دیاری دەکرێت نەوەک بەپێی نەخشەی شارەوانی.
١٣- پێویستە خانووەکە بەپێی عورفی ناوچەکە شیاوی نیشتەجێبوون بێت، بۆیە مەسەلەن ئەگەر خانوویەکی ناو شاری سلێمانی بە لەوح و جەمەلۆن دروستکرابێ ئەوا تاپۆ ناکرێت.
١٤- پێویستە خانووەکە ماڵی تێدا بێ، واتە ئەو خانووانەی چۆڵن و بۆ قازانج دروستکراون تاپۆ ناکرێن چونکە ئەم یاسایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەزانجی خەڵک دانەنراوە بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵک دانراوە.
١٥- لەم یاسایەدا تەنها یەک پارچەزەوی تاپۆ دەکرێت، بۆیە ئەگەر خانووەکە لەسەر زیاد لە یەک پارچە زەوییەک دروستکرابێ و سەرەپارچەی خانووەکە کەوتبێتە سەر زەوییەکانی چواردەوری ئەوا تەنها ئەو رووبەرەی بۆ تاپۆ دەکرێت کە زۆرینەی خانووەکەی لەسەر دروستکراوە.
١٦- پێویستە جێخانووی خانووەکە لە نەخشەی شارەوانیدا نیشتەجێ بێ و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دانرابێ، بۆیە ئەگەر خانوویەک لە باخچە یان شەقام یان خزمەتگوزاری یان زۆنی پیشەسازی یان زۆنی وەبەرهێناندا دروستکرابێ یان لەسەر تەوەری بازرگانی بێت ئەوا بە خانوویەکی دژەنیشتەجێ دادەنرێ و ئەگەر هەر پانزە مەرجەکەی تری تێدا بێ ئەوا دەڕوخێندرێ و بە پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو مەرجەکانی تری تێدا نەبێ ئەوا قەرەبووش ناکرێتەوە.

تەرمی دووان لە قوربانییانی ئاگرەکەی سۆران گەڕێندرانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پێشت تەرمی دووان لە قوربانییانی ئاگرەکەی سۆران گەڕێندرانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان تۆماردەکرێت
دواتر سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان تۆماردەکرێت
پەیوەندیدار