نەوت و دۆلار هەرزان بوو بەڵام بەنزین هەرزان نابێت



 

نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی و بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوویان لە دابەزین كردووە، بەڵام نرخی بەنزین لە هەرێم هەرزان ناكرێت و بەنزینە عێراقییەكەش بڕاوە.

ماوەی دوو هەفتەیە نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی ڕووی لە دابەزین كردووە و گەیشتۆتە نزمترین ئاست، كە لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو بۆ خوار 75 دۆلار دابەزیوە.

هاوكات، نرخی دۆلار بەراورد بە چەند هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 10 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار دابەزیوە و لە 168 هەزارەوە دابەزیوە بۆ 157 هەزار دینار.

(خەڵك) بەدواداچوونێك بۆ گرانی نرخی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین لە هەرێم دەكات و بە وتەی ئەوانەی بەنزین دەفرۆشن، دەبێت لە ئێستادا نرخی بەنزین زۆر دابەزێت، لەبەر چەند هۆكارێك.

وەك ئەو فرۆشیارانەی بەنزین دەڵێن: “نرخی نەوتی خاوی جیهانی و دۆلار و پلەكانی گەرما و خواست كاریگەرییان لەسەر نرخی بەنزین هەیە، كە لە ئێستادا سەرجەمیان كەم بوونەتەوە و هۆكارێكی ڕێگەخۆشكەرن بۆ دابەزینی بەهای بەنزین”.

ئەو فرۆشیارەی بەنزین دەڵێت: “ئێستا بەنزینی ئێرانی هاوردە دەكەن، كە لیتری كەمتر لە هەزار دینار دەیفرۆشنەوە لەسەر شەقامەكان، لەكاتێكدا لە بەنزینی موحەسەن هەرزانتر دەكەوێت بۆ شۆفێران”.

وتیشی، “نرخی نەوتی خاوی جیهانی هەرزان بووە و بەهای دۆلار شكاوە و گەرما نەماوە، كە ئۆتۆمبێل بەهۆی هەڵنەكردنی ساردكەرەوەوە كەمتر بەنزین سەرف دەكات و هاوكات بەهۆی كەمی دەوام و سەرماوە خواست كەمتر بووە لەسەر بەنزین، بۆیە دەبێت بەپێی هەموو ئەو پێوەرانە بەنزین هەرزان ببێت”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە چەند بەرپرسێكی حكومییەوە، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ئێستادا ئەو بەنزینەی حكومەتی عێراق لیتری بە 750 دینار دەینار بۆ هەرێم بڕاوە و وەك دەوترێت، “بەهۆی كێشەی كۆمپانیایەك و وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگیراوە” لەكاتێكدا ئەو بەنزینە خواستێكی زۆری لەسەربوو لەلایەن شۆفێرانەوە بەهۆی هەرزانی نرخەكەی.

ئیسرائیل ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی ڕاگەیاند
پێشت ئیسرائیل ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی ڕاگەیاند
بەهای دۆلار دابەزی
دواتر بەهای دۆلار دابەزی
ەیوەندیدار