مۆریتانیا دەبێتە یاریزانێکی نوێی نێو بازاڕی وزەی جیهانی



“گرێبەستەکانتان ئامادە بکەن، یەدەگەکان زۆرن”!.

بازاڕی جیهانیی بواری وزە بە تایبەت “غاز” پێشبینی هاتنە ناوەوەی مۆریتانیا دەکەن وەک یاریزانێکی نوێ، دوای ئەوەی بەرپرسانی وزەی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند؛ تەنها چەند مانگێکی کەمیان ماوە بۆ فرۆشتنی یەکەم بڕی ئەو غازەی لە کێڵگەکانیاندا ئامادەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتەکە ببێتە ناوەندێکی دیار و دابینکەرێکی متمانەپێکراو بەهۆی ئەو یەدەگە زۆرەی هەیەتی.

 

محەمەد وەلد شێخ ئەلغەزوانی، سەرۆک کۆماری مۆریتانیا لە میانی چالاکییەکانی کۆنفرانسی کەشوهەوا (COP 28) کە ئێستا لە دوبەی بەڕێوەدەچێت ڕایگەیاند، وڵاتەکەی “سەرچاوەی غازی گەورەی هەیە کە زیاترە لە 100 تریلیۆن پێی سێجا”.

شێخ ئەلغەزوانی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوشانی غاز، سەرچاوەیەکی زۆری وزەی نوێبووەوەی وەک خۆر و بایان هەیە، کە “دەتوانرێت دەستبەجێ پەرەی پێبدرێت”.

 

پەیوەستبوونی مۆریتانیا بۆ نێو لیستی بەرهەمهێنەرانی “غاز” لە کاتێکدایە، کە پێویستی بەم سەرچاوەیە زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە بازاڕەکانی ئەوروپا، کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا لە کڕینی غازی ڕووسی دوورکەوتوونەتەوە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا دەسەڵاتداران سەرنجیان لەسەر “غاز” چڕکردووەتەوە دوای دۆزینەوەی یەدەگێکی گەورە لە کەناراوەکانی ئەتڵەسی، لەکاتێکدا حکومەت هەوڵدەدات چاکسازییەکانی بە ئامانجی گواستنەوە لە خۆبژێوییەوە بۆ قۆناغی هەناردەکردن، ئەنجام بدات.

 

شارەزایان پێیان وایە بە دەستپێکردنی هەناردەی یەدەگی غازی دۆزراوە، مۆریتانیا دەبێتە سێیەم وڵات لە ئەفریقا لە دوای نەیجیریا و جەزائیر لە بواری هەناردەکردنی غازدا.

 

پێشبینیش دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی باشترکردنی بارودۆخی ژیانی لاوازترین ئابوریەکانی باکووری ئەفریقا و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، چونکە ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا دەگاتە 30%.

 

وەزیری نەوت و کانزاکان و وزەی مۆریتانیا، نانی ئاشروگە دەڵێت؛ وڵاتەکەی لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە هەناردەکردنی غازی سروشتی دەکات لە کێڵگەکانی ئەحمەد، لە کاتێکدا وڵاتەکەی هەوڵدەدات سوود لە سامانی سروشتی خۆی وەربگرێت لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵاتەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی دوو کێڵگەی سەرەکی غازی هەیە، کێڵگەکانی ئەحمەد کە هاوبەشە لەگەڵ سەنیگال و ئەوی دیکەشیان بیراللە یە و یەدەگەکانیان پێکەوە دەگاتە 50 ترلیۆن پێ سێجا.

 

ئەشروگە ڕوونیکردەوە؛ مۆریتانیا پڕە لە یەدەگی گەورەی غاز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەرفەتەکانی گەشەپێدان کە لەبەردەستدان بۆ پەرەپێدانی کەرتی غاز زۆر گەورە و “بێ وێنەن”، بۆیە بە وڵاتان دەڵێت؛ گرێبەستەکانتان ئامادە بکەن، یەدەگەکان زۆرن!.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، لە ماوەی داهاتوودا بە ڕێژەیەک کە لە ساڵی ٢٠٣٠دا دەگاتە لوتکە، چاوەڕوانییەکان بۆ دابینی غاز چاویان لەسەر ئێمە دەبێت.

زانیاری نوێ دەربارەی بۆردومانەکەی ئامێدی: هاووڵاتییەك شە‌هید بوو
پێشت زانیاری نوێ دەربارەی بۆردومانەکەی ئامێدی: هاووڵاتییەك شە‌هید بوو
گۆشت، هێلکە و مریشک بە نرخێکی هەرزان بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت
دواتر گۆشت، هێلکە و مریشک بە نرخێکی هەرزان بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت
ەیوەندیدار