لە ئۆکرانیاوە بۆ فەلەستین

  • 120 بینین

عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژئاواو ئەمریکا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانیان، پێشوازی بێشەرمانەو تەواویان لە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد، بەمەش بزماری کوشندەیان لەو نەزمە جیهانیەی دوای کۆتایی بلۆکی ڕۆژهەڵات بانگەوازی بۆ دەکەن داکوتا، تەنانەت پێش شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، نەزمی ئێستای جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا گەشتی داڕمانی خۆی دەستپێکردبوو.

لە نێوان شەڕی ئۆکرانیا و دەستدرێژی ئیسرائیلدا، کاتێک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد، سەرکردەکانی نەزمی جیهانی ئێستا، بە لەشکرکێشیەکی شەڕانگێزی وەسفیان کرد، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ ڕازیکردنی هەموو جیهان بە یەکگرتن لە دژی ڕووسیا.

لۆژیکی ئەمریکی-ڕۆژئاوا سادەو ڕاستەوخۆ بوو بەو مانایەی چۆن جیهان لە تەنیشت خۆیان بوەستێنن، تا سەیری وڵاتێکی گەورە بکەن کە هێرش دەکاتە سەر دراوسێ بچووکەکەی و زەویەکانی داگیر دەکات.

زیاتر لە ١٩ مانگە، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەو لۆژیکەی کە ڕۆژئاوا پشتی پێ دەبەستێت بە پشتیوانی ڕەهای خۆی بۆ ئۆکرانیا و سزاکانی بەسەر ڕووسیادا، بەتایبەتی بەداوی پشتیوانیان بۆ هێرشی بەربەریانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لۆژیکێکی پوچ و بێمانای لێدەرهات، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە ئێوارەی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمدا، نموونەیەکی توند بوو لەوەی کە وەک تاوانێکی جەنگی تەواو وەسف بکرێت، لۆژێکی چۆنیەتی وەستانەوەیان بەرامبەر بە ڕووسیا، جگە لە خەجاڵەتی و ڕیسوایی و شەرمەزاری شتێکی تری لێدەرنایەت، هەرئەمەش دنیای ناڕەزایەتی جەماوەری لە جیهاندا وروژاند، کە تەنها لە وەستانەوە بەرامبەر هێرشی درندانەی ئسرائیل بۆ سەر غەززە خۆی پێناسە بکات.

سروشتیە ئەو تاوانانەی کە ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامیداون، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی سیستماتیک و ڕێکخراوەوە کە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا بەشداریان تێدا کردوە، بەتایبەتی واشنتۆن، لەندەن، پاریس و بەرلین، بە پەرەپێدانی فێڵ و درۆو خستنەگەڕی میدیایەکی بەرفروان، تائەو ئاستەی وەسفکردنی خەڵکی فەلەستین لەڕیزی تیرۆرستاندا بکەنە بیانوی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیانەی ڕۆژانەو بێوەستان لە غەززە بۆ ئامانجی داگیرکاری و کۆنەپەرستانەیان کاری لەسەر دەکەن، ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ دەڵێن؛ کاتێک فەلەستینیەکان لە غەززە حەماسیان هەڵبژاردوە دەبێت بەرگەی دەرئەنجامەکانیشی بگرن. نەتانیاهۆ بەیانیان و ئێواران بانگەشە دەکات، کە ئاشتی لەگەڵ فەلەستینیەکان پێویست نییە، واتە ئیسرائیل پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ لایەنی فەلەستینی بگاتە هیچ چارەسەرێک.

ئەمریکا و رۆژئاوا دروشمی پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل بەرزکردەوەو گلۆپی سەوزیان بۆ هەلکرد، تا بتوانێت تۆڵەی کەرامەتی بەفیڕۆچووی و زەلیلبونی خۆی بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو شكۆشکاندنەی لە هێرشی حەماسدا بەرەوڕوی کرایەوە.

لە ماوەی ٤٠ ڕۆژ زیاتریی دەستدرێژی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، نەزمی جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاوی وێرانکەر بووە لە ئاست ڕای گشتی جیهانیدا، کە جگە لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن، دەگمەن بووە کەسێک بدۆزیتەوە کە پێیوابێت ئەم سیستەمە جیهانیە ئەتوانێ شەرعیەتی متمانەی سیاسی بەدەست بهێنێت. چونکە ئاشکرایە کە یاساکانی تەنها خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا دەکەن، بۆیە زەحمەتە بتوانن لەگەڵ باقی جیهاندا هاوئاهەنگی بکەن و بەڵانسی هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەو جیهاندا ڕاگرن. بەتایبەتی کە حاڵەتێکی دووفاقی بۆ هەڵوێستگرتن لەسەر شەڕی ئۆکرانیاو شەڕی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە بە ڕۆشنی خۆی تەعبیردەکات.

هەرئەمەش ئەو ئارگیومێنتە پوچەڵ دەکاتەوە کە دەڵێت “ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات”، ڕۆژئاوا تەنها سەرنجیان لەسەر ئەو بیرۆکەیە داناوە کە پێش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، گوایە لە نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان دنیایەکی تەواو ئارام و سەقامگیریان هەبوە، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو باس لەوە دەکات کە چۆن حکومەتی ڕاستڕەو و توندڕەوی ئیسرائیل مەترسیەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا زیاد دەکات، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هێرشەکانی دانیشتوانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاواو دانانی شوێنی نیشتەجێبون لە پێشەنگی فایلەکانی حکومەتدایە.

حکومەتی ئیسرائیل لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بووە لە مامەڵەی خراپ بەرامبەر فەلەستینیەکان، تەنها لەم ساڵدا نزیکەی ٣٠٠ فەلەستینی و سەرکردەکانی “جیهادی ئیسلامی”ی لە غەززە تیرۆر کردووە.

هەموو ئەم پێشهات و ڕووداوانە هەستی باڵادەستی ڕەهای نەتانیاهۆو حکومەتەکەی و سوپاکەی و پۆلیس و دانیشتوانەکەی چەسپاند، تا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر بارودۆخی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا بکەن، هاوکات هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژئاواو ناوچەکە دڵنیاکرانەوە ئەوەی کە لەم دۆخەدا بەڕێوەدەچێت باشە، چیتر سەرئێشەی پرسی فەلەستین کاریگەری نامێنێت، بەڵام ئەم داگیرکاریە بەربەریەتەی ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، کێشەی فەلەستینی بردە قۆناغێکی تری سەریەشە بۆیان، کەدەبێت لەبەرامبەر ڕای گشتی جیهاندا ڕێگایەکی تر نیشان بدەن، کێشەی فەلەستین بۆتە مەسەلەیەکی جیهانی و خواستی ناڕەزایەتیە فروانە جەماوەریەکان لە تەواوی دنیادا، هەرچەندە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هێشتا بەردەوامە و کەس نازانێت کەی و چۆن کۆتایی بێت، بەڵام بەمانەیەک دەتوانین ئەوە بڵێین ئەمریکاو ڕۆژئاواو ئیسرائیل لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەشکستێکی ترەوە دێنەدەرەوە.

ساڵانێکە پەکین و مۆسکۆ نەزمی جیهانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئیدانە دەکەن و داوای گۆڕینی دەکەن بە سیستەمێکی فرەجەمسەری نوێ کە “دادپەروەرتر” بێت…؟ بەڵام ئەم دۆخەی کە ئیسرائیل بەسەر خەڵکی غەززەدا خولقاندویەتی، ئەو سیستمە فرە جەمسەریەی بەسادەیی پوچەڵ و بێمانا دەرهێنا، هەروەها دنیای ململانێی قوتبەکان لە ئاستێکی ترو مەیدانێکی تری ئامادەکاریدا دەبن بۆ گەورەبونەوەی ئەو جەنگەی کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان و بەرجەستە بێتەوە.

​هێرشە لەناکاوەکەی حەماس کە لە٧ی ئۆکتۆبەردا بۆسەر شارۆچکەکانی ئیسرائیلی دەوروبەری غەززە ئەنجامدرا، چەندین داینامیکی ناوچەیی ناسەقامگیرکردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوەوە لە ئارادا بووە.

یەکەم : دیارترینیان ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بوو کە گوایە پرسی فەلەستین چیتر جێگای سەرنجی دانیشتوانی ووڵاتانی عەرەبی نەماوە، گوایە گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەبێ چارەسەری کێشەی فەلەستین مومکینە، لەکاتێکدا کە فەلەستینیەکان لە ژێر بارگرانیەکی بەربەری ئیسرائیلیدا دەناڵێنن.

کاردانەوەی جەماوەری بۆ ئەوە هات کە پرسی فەلەستین و ئەو نادادپەروەرییانەی کە فەلەستینیەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، هێشتا هێمایەکی سیاسی بەهێزی هەیە کە توانای هەڵگیرسانی شەپۆلی گەورەی توڕەیی لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا لەخۆدەگرێتەوە، کەدەرکەوتەکەی زیاتر لە هەر پرسێکی دیکە هاتۆتەوە مەیدان.

ناڕازیبوونی بیروڕای گشتی دانیشتوانی ووڵاتانی عەرەبی لە مامەڵەی خراپ و پێشێلکاریەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینیەکان تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبەریش بەشێوەیەکی بەرچاو دیاربوو، بەڵام ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدەن، هەستی ناڕەزایەتی لە ناوچەکەدا زیاترکردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەسەندنی مەزاجەکانی دژە ڕۆژئاواش دەبینرێن، لەئەنجامی ئەو پشتیوانیە بێمەرجەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بڕیاردانی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بەدەستی هێناوە.

کەواتە فەلەستین گەڕاوەتەوە پێشەنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ناوەندی گوتاری گشتی، لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی زەبری بانگەوازەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەلەستین، واتە جارێکی دیکە بەرەو جێخستنی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە بەرامبەر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی ئیسرائیل کە یەک دەوڵەتیان لەسەر بنەمای ئاپارتاید دامەزراندووە.

دووەم: ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل هێشتا لە دانوستاندا بوو کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، بەڵام هێرشی دڕندانە بۆسەر غەززە بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو دانوستانانە بۆ ماوەیەکی نادیار. ئەو وڵاتانەش کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە، لەبەرامبەر داگیرکاری غەزەدا سەرسام ماون و تاڕادەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی ئەو ئاڵوگۆڕانەدان کە دوای جەنگ پێشهاتەکان چی دەنوێنێت.

سێیەم: ڕاگرتن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی بۆ ئارامکردنەوەی ناوچەکە هەوڵی بۆئەدرێت، کە سی ساڵ زیاترە لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی بەسەردەبات، لە نمونەی نزیکبوونەوەی نێوان سعودیە و ئێران، دیالۆگ و دانوسەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەمو ئەوانە چونە ناو ئایندەیەکی نادیارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دۆخە هەموو جیهانی پاڵناوە بۆ ئەوەی لە لێواری ململانێیەکی ناوچەیی و ڕەنگە جیهانیدا بلەرزێنێت.

​لەڕاستیا لەم دۆخە دژوارو ناهەموارەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێ تاسەر بەردەوام بێت لە بێدەنگی و چاوپۆشیکردن لە سەلماندنی مافە سیاسی و مرۆییە ڕەواکانی خەڵکی فەلەستین، لەکۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر غەززە، دواتر چاوەڕێی ئەوە بکەن کە لایەنی فەلەستینی بە ملکەچی بمێنێتەوە. ڕاستیە زەقەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە فەلەستینیەکان لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی و ئاپارتایدی ئیسرائیل بە هیچ جۆرێک قەبوڵ ناکەن، بەڵکو ئەمڕۆ دەیسەلمێت کە فاکتەری کات لە بەرژەوەندی گەیشتن بە خواستەکانیان کاردەکات.

حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە لوتکەی فاشست بون و توندڕەوی و ڕەگەزپەرستیدایە، هیچ هەنگاوێک نیشان نادات بۆ ئامادەیی هەرجۆرە دانوسانێک بۆ وەستانی ئەم هێرشە دڕندانەیەی.

سەبارەت بە دەسەڵاتی فەلەستین، لاوازیەکەی لەبەرامبەر ئەو کارانەی حەماس کردوویەتی زیاتر بون و ناتوانێت ئیدیعای نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕێت. لەهەمانکاتدا بایدن و ئەمریکاش هیچ نیازێکیان نییە و هیچ هەوڵێکی سیاسی نادەن ببێتە هۆی کۆتایهێنان بەم داگیرکاریە.

هەرچەندە دۆخەکە لەبەردەم ململانێیەکی نوێدایە، بەڵام خەڵکی فەلەستین هەست بە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی ناکەن، بەڵام ڕای گشتی ناڕەزایەتی بەرفراوان و ناکۆکیەکانی ئەم شەڕە لە درێژخایەندا ڕەهەندی دیمۆگرافی بە شێوەیەکی ئەرێنی خۆی لە بەرژەوەندی فەلەستینیەکان دەسەپێنێت.

لە سلێمانی کەسێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
پێشت لە سلێمانی کەسێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد
دواتر نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد
پەیوەندیدار