حەلبوسی: عێراق جێناهێڵم و ئامادەی لیکۆڵینەوەم



محەمەد حەلبوسی سەرۆکی لەکار لابراوی پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پشتڕاستی کردەوە، کە ئامادەدەبێت لە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمار کراون، جەختیشی کردەوە کە عێراق بەجێناهێڵێت.

حەلبوسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو ، ڕایگەیاند، “سەبارەت بەو سکاڵا و سکاڵایانەی لەسەرم تۆمارکراون، لەبەردەمتان ڕادەگەیەنم کە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا ئامادە دەبم، هەروەها وەک هاووڵاتی ئامادە دەبم”.

حەلبوسی ڕاشیگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە عێراق ئێمە هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە ئامادەبوون لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڵێن دەدەم لە هەر سکاڵایەکدا کە لەلایەن هەر لایەنێکەوە تۆماربکرێت لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا ئامادەبم، ئێمە بەدوای ئەوەداین وڵاتەکەمان وڵاتی دامەزراوەکان بێت و یاسا فاکتەری یەکلاکەرەوە بێت”،

حەلبوسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من عێراق بەجێناهێڵم و لە هەر کاتێکدا پابەند دەبم بە دەسەڵاتی دادوەری و هەرکەسێک سەرپێچی یاسا بکات دەبێت دادگایی بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی حزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوایەکی بەرزکردەوە بۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسی، سەرکردایەتی دەکات.

ئەویش بە هۆکاری ئەنجامدانی گرێبەستێکی حەلبوسی، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان.

قەیرانی وشکەساڵی بەروبوومەکانی عێراق لەناو دەبات
پێشت قەیرانی وشکەساڵی بەروبوومەکانی عێراق لەناو دەبات
نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە دیاریکرا
دواتر نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە دیاریکرا
ەیوەندیدار