سەرۆکایەتی هەرێم پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دووپاتکردەوە



شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێم بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتی فەلەستینی لە هەولێر کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمیان بۆ گەلی فەلەستین بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەکەیان دەگوزەرێت، پشتیوانی خۆشیان بۆ گەلی فەلەستین ڕاگەیاند.

لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆنسوڵی گشتی فەلەستین، باڵیۆز نەزمی حەزوری تیشکی خستەسەر دۆخی ئێستای فەلەستین و هیوای خواست کە ئەم ڕاگرتنە مرۆییە بۆ هەمیشە بێت بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە ناوچەکە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری وتی: “ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە ھەیە، بێگومان تاوانکارییە کە ھاووڵاتییانی ژن، منداڵ و بەساڵاچووان دەکرێنە ئامانج، ھەرچەندە ئێمە ئەمڕۆ دڵخۆشین بەو ڕاگرتنە مرۆییەی کە ڕاگەیاندراوە، بەڵام دەمانەوێت ئاگربەستێکی ھەمیشەیی بێت لەپێناو دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ گەلەکەمان لە غەززە و ڕێگای چوونی ھاوکارییەکان بۆ خەڵک بکرێتەوە”.

نەزمی حەزوری ئەوەشی خستەڕوو: “خەڵکی ھەرێم ڕێزێکی زۆریان لە گەلی فەڵەستین گرتووە و ھاوسۆزی خۆیان بۆ گەلەکەمان دەربڕیووە. داوا لە ھەموو لایەک دەکەین پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکەن”.

هاوکات فەلاح مستەفا ئەندامی شاندەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: “ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆنسوڵخانەی فەلەستینمان کرد بۆ دەبڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ گەلی فەلەستین لە ڕۆژی پشتیوانی نێودەوڵەتیی کە ئەمڕۆیە و لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراوە”.

فەلاح مستەفا باسی لەوەشکرد: “لەم سەردانەدا، هاوسۆزی و پشتیوانی سەرۆکی هەرێممان بۆ گەلی فەلەستین دووپاکردەوە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و چارەسەری دوو دەوڵەت. هاوکات، بەبۆنەی ١٢هەمین ساڵیادی کردنەوەی کۆنسوڵگەری گشتی فەڵەستین لە هەولێر، هیوای سەرکەوتنمان بۆیان خواست”.

ڕاگرتنی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە هەفتەی ڕابردووەوە بە نێوەندگیری چەند وڵاتێک، چووەتەبواری جێبەجێکردنەوە و لەم ماوەیەشدا چەندین ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان هەردوولادا کراوە.لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ٢٤ی تشرینی دووەم کە ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ و پێکدادانەکان ڕاگەیاندرا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ٤٨ ڕۆژ لە ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی کوژراون، ١٥ ھەزار کەسی تێپەراند، لەوڕێژەیەش زیاتر لە شەش ھەزار و ١٥٠یان منداڵن و زیاتر لە چوار ھەزاریان ژنن.

بارێکی دیکەی دۆلار گەیشتە عێراق
پێشت بارێکی دیکەی دۆلار گەیشتە عێراق
مستەفا چاوڕەش: ڕێزلێنانێکی گەورەیان بۆ کردم
دواتر مستەفا چاوڕەش: ڕێزلێنانێکی گەورەیان بۆ کردم
ەیوەندیدار