مەزڵوم عەبدی چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات



ئەمریکا هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاگادار دەکاتەوە کە بە هۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە لە سووریا ناکشێتەوە و مەزڵوم عەبدیش ڕایدەگەیەنێت، چارەسەرکردنی دۆزی کورد و فەڵەستین ڕێگەچارەیە بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ڕایگەیاند، ئێران دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بکاتەوە دەرەوە، ئەوەش ئامانجێکی سەرەکی و هاوبەشیانە لەگەڵ رژێمی سووریا و تورکیا.

عەبدی وتیشی: “ئەگەر ئەمریکا سووریا بەجێبهێڵێت، ئەوا دەبێت لە عێراقیش بکشێتەوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە، بەڵام (ئەمریکییەکان) پێیان وتین ناکشێنەوە”.

لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە 70 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

مەزڵوم عەبدی ئاشکراشی کرد کە درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران هێرشی کردووەتە سەر جبەخانەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بە هۆیەوە ژمارەیەك شەڕڤان برینداربوون و زیانی ماددی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

عەبدی ڕەخنەشی لە وەڵامی ئەمریکا بۆ هێرشەکان گرت و پێیوابوو کە نابنە هۆی چاوترسێنکردنی ئەو میلیشیایانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن.

ئاماژەشیدا بەوەی ناخوازن ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە گۆڕەپانی جەنگی ئەمریکا و ئێران.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، تورکیا دۆخی ناوچەکە دەقۆزێتەوە بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر باکووری سووریا و جەختیشیکردەوە لەوەی هێرشەکانی تورکیا دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش.

لەو بڕوایەشدابوو کە لاوازیی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی کورد بە هاوبەشە ئەمریکییەکانی و دەبێتە هاندەریش “بۆ دوژمنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات”.

سەبارەت بە شەڕی ئێستای ئیسرائیل و حەماسیش لە غەززە، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پێویستی زانی دۆزی کورد و فەڵەستینییەکان چارەسەر بکرێت و ڕایگەیاند، چارەسەرنەکردنی دادگەرانەی دۆزی فەڵەستین و کورد دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەوەشی خستەڕوو کە نامەیەکی بۆ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین ناردووە و پشتیوانیی بۆ گەلی فەڵەستین و دروستکردنی دوو دەوڵەتی فەڵەستینی و ئیسرائیلی دەربڕیوە.

تورکیا لە ڕێی فەڵەستینی و سوورییەکانەوە بەردەوامە لە تەعریبکردنی عەفرین
پێشت تورکیا لە ڕێی فەڵەستینی و سوورییەکانەوە بەردەوامە لە تەعریبکردنی عەفرین
دوای ١٧ ساڵ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت
دواتر دوای ١٧ ساڵ هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت
ەیوەندیدار