خەڵک: زانیاری نوێ لەبارەی سکاڵای مامۆستایان لە بەغدا و دەستکردنەوە بە خوێندن دەخاتەڕوو



ڕۆژی سێشممە، بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی ٧٥ ڕۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بەردەوامی هەیە، تا ئێستا حکومەت هیچ یەکێک لە داواکاری مامۆستایانی جێبەجێنەکردووە، هاوکات مامۆستایان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایان تۆمارکردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، مامۆستایانی ناڕازی بە پاس بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن، بە مەبەستی گواستنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر، بەڵام لە بازگەی چیمەن و گوڵەجۆ لە کەرکووک ڕێگریان لێکرا.

هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە ڕۆژی یەکشەممەدا بە نووسراوی فەڕمی بەڕێوەبەری باخچەکانی منداڵان و سەرجەم قوتابخانەکانی لە دەستپێکردنەوەی دەوام ئاگادارکردەوە.

مامۆستایانی ناڕازی دوێنێ بە خۆپیشاندان و ڕێپێوان وەڵامی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانیان دایەوە و ڕایانگەیاند، “تا داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت نا گەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

 

مامۆستایان لە بەغدا گەیشتنە چ ئەنجامێک؟

بەرهەم مستەفا، ئەندامی لقی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ مامۆستا لە بازگەی چیمەن و گوڵەجۆ ڕێگریان لێکرا، بەڵام نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ مامۆستا بە ئۆتۆمبیلی خۆیان هاتبوونە بەغدا و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، هاوکات لە بازگەکان و گۆڕەپانی تەحریر بە ئامادەبوونی میدیا عێراقییەکان ڕاگەیەندراویان خوێندەوە”.

سەبارەت بە ڕێگرییەکان ناوبراو وتی، “جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی ئەمنی پەرلەمانی عێراق لە گۆڕەپانی تەحریر بۆ مامۆستایان ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە ڕێگری لە مامۆستایان بکات”.

وتیشی، ” لە هەمان ڕۆژدا سکاڵای یاساییمان لەدادگای فیدڕاڵی لەسەر حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی تۆمارکرد، بۆئەوەی وانەبێژان دابمەزرێن، پلە بەرزکردنەوە بگەڕێتەوە کە لە ١ کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ ڕاگیراوە و هەروەها مووچە لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، “بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکەمانین لە دادگای فیدڕاڵی، سکاڵاکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و بڕیاری کۆتای لە ٢٤ کانوونی یەکەم دەدرێت، ئێمە دڵخۆشیین بە ئەنجامەکەی چونکە داواکارییەکانی ئێمە یاساییە و ئەوەی حکومەتی هەرێم کردوویەتی نایاساییە”.

بە وتەی بەرهەم مستەفا، “پڕۆسەی خوێندن کاتێک دەستپێدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم هەنگاوی جددی بنێت و بەشێک لە داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێبکات، ئێمەش دەتوانین دانوستان بکەین و پڕۆسەی خوێندن لە فەوتان ڕزگار بکەین، بەڵام حکومەت بێباک و کەمتەرخەمە بەرامبەر داواکاری مامۆستایان”.

پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە
پێشت پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە
یەکەم لێدوانی مەسرور بارزانی دەربارەی ئەو شاندەی بۆ بەغدایان ناردووە
دواتر یەکەم لێدوانی مەسرور بارزانی دەربارەی ئەو شاندەی بۆ بەغدایان ناردووە
ەیوەندیدار