ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و گۆڕان ڕاگەیەنرا



وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات “لەسەر ستراتیژییەکی نیشتمانی” بۆ پاراستنی کوردستان لە هەڕەشە و گرژییەکانی  ناوچەکە ڕێکبکەون و دەڵێت، “ئێمە و یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا بکرێت”.

ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆرانی کرد و لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە شاری سلێمانی  کۆبوونەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ، شاندەکەی یەكێتی سەردانی هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش بکات.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی یەکێتی، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکاراکرد و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسە سیاسی، ئەمنی و کارگێڕییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

دلێر عەبدولجخالق باسی لەوەشکرد، “بابەتی بودجە و کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو”.

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، “هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە و ئێمە و یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بکرێت”.

دلێر عەبدولخالق وتی، لەگەڵ یەکێتی باسیان لەوە کردووە “چۆن بتوانین هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی لەو هەڕەشە و گرفتانە بەشێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە بپارێزین و، کورد نەبێت بەشێک لە پارێزبەندی لەنێوان ئەو ململانێییانەی کە هەیە.”

وتیشی، “لەرێگەی ستراتیژییەکی نیشتمانی دەبێت لە بەغدا و لە ناوچەکە هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە بە وتەی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان “ئێستا دۆخی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە لە بەردەم مەترسیدایە و حیکمەت ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان؛ ئەوانەی لەنێو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و ئەوانەش کە ئۆپۆزیسیونن پێکەوە لەسەر ستراتیژیەتییەکی نیشتمانی ڕێکبکەوین”.

قائیمقامێك بە كردنەوەی مزگەوتێك دەستبەكاربوو
پێشت قائیمقامێك بە كردنەوەی مزگەوتێك دەستبەكاربوو
چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار دەگیرێتەبەر
دواتر چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار دەگیرێتەبەر
ەیوەندیدار