ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان ڕێککەوتن



لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا پێشنیاری ئازادکردنی ٥٠ دیل و ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ چوار ڕۆژ کراوە.

حکوومەتی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس لە غەززە، ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و ئاگربەستی کاتی بۆ چوار ڕۆژ پەسەند کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو بڕیارە ڕاگەیەندرا کە کابینەی حکوومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران بنیامین ناتەنیاهۆ کۆبووەتەوە و پەسەندی کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە حکوومەت ئەمشەو ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر یەکەم قۆناغی ئامانجی هێنانەوەی تەواوی دیلە ئیسرائیلییەکان لە غەززە. ئەوەشخراوەتەڕوو، “لانی کەم ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی کە پێکهاتوون لە ژن و منداڵ لە چوار ڕۆژدا ئازاد دەکرێن و لەو ماوەیەدا شەڕ و پێکدادانەکان ڕادەگیرێن”.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بۆ ئازادکردنی هەر ١٠ دیلێک، یەک ڕۆژی دیکە شەڕ و پێکدادانەکان ڕادەگیرێت”.

جەخت لەوەکراوەتەوە، “جەنگ درێژەی دەبێت هەتا گێڕانەوەی هەموو دیلەکان و بەتەواوی لەناوبردنی حەماس و دەستەبەرکردنی ئەوەی لە کەرتی غەززەوە مەترسی نوێ بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەبێت”.

حکوومەتی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەنەکردووە کە لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دیلە ئیسرائیلیانەدا چەند سزادراوی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن و ڕێگە دەدرێت بە چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ  کەرتی غەززە.

بەپێی داتاکانی ئیسرائیل، لیواکانی عێزەددین قەسامی باڵی سەربازیی حەماس ٢٣٩ دیلی ئیسرائیلی لەژێر دەستدایە.

لایخۆیەوە حکومەتی قەتەر بڵاوی کردەوە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڕایدەگەیەنن چ کاتێک ئەو وادە مرۆییە دەستپێ دەکات کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕادەگیرێن.

سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت
پێشت سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت
سوپای ئەمریکا بۆردوومانی لە عێراق ئەنجامدا
دواتر سوپای ئەمریکا بۆردوومانی لە عێراق ئەنجامدا
ەیوەندیدار