سەرۆك کۆمار: سلێمانی بووەتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان



سەرۆك کۆمار لە ساڵیادی بنیادنانی سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سلێمانی بەدرێژایی مێژووەکەی بووەتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان.

ئەمڕۆ سێشەممە، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك کۆماری عێراق پەیامێکی بە بۆنەی یادی 239 ساڵەی بنیادنانی سلێمانی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانی

ئەمساڵ سلێمانی یادی 239 ساڵەی بنیادنانی دەکاتەوە، کە هەر لە دروستبونییەوە لەسەردەستی بابانەکان تا ئێستا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عێراق و تەنانەت ناوچەکەشدا پێشەنگ بێت و ببێتە نمونەیەک لە جوانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

کاتێک لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان، ئەم شارە بنیاد دەنرێت، بەناوی سلێمان پاشای باوکییەوە ناوی دەنێت سلێمانی و دەیکاتە پایتەختی میرنشینی بابان، لە هەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی رۆشنبیری و خوێندەواری و شارستانی.

شاری سلێمانی، کە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، بەدرێژایی مێژووەکەی بۆتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان.

لەم شارەوە گەلێک کەسایەتی سیاسی و خەباتکار و رۆشنبیر و نوسەر و شاعیر و دڵسۆزی خاک و وڵات دەرکەوتون و بەدرێژایی تەمەنیان خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردوە.

سلێمانی لە بەرەنگاربونەوەی زوڵم و زۆرداریی رژێمە خراپەکانی عێراق وەک

بەعس وچانی نەبوو، هەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست و دور لە سەرکوتکردن بژی، رۆڵەکانی هەمیشە خەبات دەکەن بۆئەوەی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بژین و بۆ نەوەکانی ئایندەی بەدەستبهێنن، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دروشمی عێراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی و مافی گەلی کوردە لە عێراقدا و پشتگیری خەباتی هەموو کوردی کردوە لە هەموو کوردستاندا.

هەر لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە، سەرکردەکانی کورد وەک جەنابی شێخ مەحمودی حەفید داوای مافی کورد و دۆستایەتیان لەگەڵ گەلی عەرەب کردوە.

لەم پێناوەدا زۆرجار لەگەڵ برا عەرەبەکاندا خاوەن خەبات بوین بۆ عێراقێکی دیموکراتی و بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد.

هەر لەم چوارچێوەیەدا رۆشنبیرەکانی کورد و عەرەب دۆستایەتی بەهێز و پێکەوە تێکۆشانیان هەیە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان.

ئەم شارە زیندوەی نیشتمان لە بنیادنانی عێراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەهێزی گێڕا، جێ دەستی لە هێنانەکایەی عێراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆرییەت زۆر باش دەناسرێتەوە، هەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر و جوانتر بێت. بەتایبەت کە زۆربەی هێزە سیاسییەکان بنکەی بەهێزیان لە سلێمانی بوە.

ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هەمیشە کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوام و کارکردنی پێکەوەییداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان.

سلێمانی و هەموو شارەکانی نیشتمانەکەمان هەر گەشاوە و ئارام بن.

دکتۆر لەتیف جەمال رەشید

سەرۆک کۆماری عێراق

 

بانکی ناوەندی بڕێکی زۆر دۆلاری خستەبازاڕەوە، دۆلاری دابەزی
پێشت بانکی ناوەندی بڕێکی زۆر دۆلاری خستەبازاڕەوە، دۆلاری دابەزی
ڕێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار
دواتر ڕێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار
ەیوەندیدار