یەكێتی مامۆستایان لەسەر هەژمار نەكردنی خوێندنی ئەمساڵ هەڵوێستی ڕاگەیاند



یەکێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتایی مانگی داهاتوو دەوام نەکرێتەوە خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت و دەشڵێت: “ئەگەر تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم نەكرێت ئیتر مەترسی هەژمارنەکردنی ئەمساڵی خوێندنی ئەو ناوچانە دروست دەبێت”.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەگەر وەرزی یەکەم لەو پارێزگایانەی بایکۆتی خوێندنیان تێدایە، نەخوێنرێت، ئەوا مەترسی فەوتانی ئەم ساڵی خوێندن هەیە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر تا کۆتاییەکانی مانگی داهاتوو کە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات، خوێندن دەست پێ نەکاتەوە، لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەش نامێنێت و ئەم ساڵی خوێندن هەژمار ناکرێت.

دەشڵێت: “هەوڵێک لە هەموو لایەنەکانەوە هەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێبکاتەوە و هیوادارین بە هەموومانەوە بتوانین سەری بخەین، چونکە ڕاوەستانی پرۆسەی خوێندن زیانێکی گەورەی هەیە و مەترسیدارە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی هەیە ئەو ڕێنمایی و یاسا بەرکارانەیە، کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەنێویاندا یاسای وەزارەتی پەروەردە، بۆیە ئەگەر خوێندنی وەرزی یەکەمی ئەمساڵ نەکرێت، تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمیش ناکرێت، کە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتووە، ئیتر مەترسی هەژمارنەکردنی ئەمساڵی خوێندنی ئەو ناوچانە دروست دەبێت و ئەگەر ئەوە ڕوویدا ئەو کات لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەش نامێنێت و دەبێت داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت چارەسەرێک بۆ ئەمساڵی خوێندن بدۆزرێتەوە.

دژەتیرۆری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
پێشت دژەتیرۆری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی بەیاننامەی کۆتاییان دەرکرد
دواتر لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی بەیاننامەی کۆتاییان دەرکرد
ەیوەندیدار