“هەردوو حزبی دەسەڵات بەرپرسیارن لە دەرئەنجامەکانی بایکۆت”



ئەمڕۆ سێشەممە، مامۆستایان و وانەبێژان لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان دەستپێکردەوە و بە ڕێپێوان بەرەو دادگای سلێمانی بەڕێکەوتن و ڕایانگەیاند، “کۆتای بە بایکۆت و خۆپیشاندان ناهێنن”.

خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان و وانەبێژان لە کاتێکدایە کە دوینێ مووچەی مانگی ئاب دابەشکرا، بەڵام ئەمڕۆ مامۆستایان، وانەبێژان و فەرمانبەران بە هەمان گڕوتینەوە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە خۆپیشاندانی مامۆستایان ئامادەبوو و بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “پەیامی من ئەوەیە بۆ هەر کەسێک کە پشتیوانی مامۆستایان و فەرمانبەران بکات، چونکە داواکارییەکانیان مافی ڕەوای خۆیانە”.

سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندنی خوێندکاران ڕایگەیاند، “بایکۆت زیانی بۆ پڕۆسەی خوێندنی خوێندکاران هەیە، بەڵام سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەرپرسیاری سەرەکین کە ناتوانن مافەکانی مامۆستایان دەستەبەر بکەن، هەردوو حزبی دەسەڵات باوەشیان کردووە بە کورسییەکانیان و ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن”.

وتیشی، “خەمساردی بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان دەرئەنجامی دیکەی دەبێت و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات و کێشەی گەورەتر دروست دەبێت، پێویستە لایەنەکانی دەسەڵات بە زووترین کات بە هۆش خۆیان بێنەوە و ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و وەڵامی داواکاریی مامۆستایان بدەنەوە”.

دژە تیرۆری کوردستان زانیاری دەربارەی هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بڵاوکردەوە
پێشت دژە تیرۆری کوردستان زانیاری دەربارەی هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بڵاوکردەوە
بانکی ناوەندیی دەستدەکاتەوە بە فرۆشتنی قاڵب و دراوی زێڕ
دواتر بانکی ناوەندیی دەستدەکاتەوە بە فرۆشتنی قاڵب و دراوی زێڕ
ەیوەندیدار