عێراق زیاتر لە کیلۆمەترێکی تر دێتە خاکی هەرێمەوە



هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق ڕێکەوتنێکیان ئەنجامدا لەسەر چەند خاڵێکی سەربازی ستراتیژی گرنگ لەسەر زنجیرە چیای قەرەچوغی نزیک کەمپی مەخمور و بەپێی ڕێککەوتنەکە سوپای عێراق لەسەر چیاکە جێگیردەبێت و بەمەش بە ڕەسمی کیلومەتر و نیوێکی تر لە خاکی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە، ئەمە بەگوێرەی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەکە کە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە.

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخش لە چیای قەرەچوغ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، “6 خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور بوونیان هەیە و خاڵەکان نزیکن لە یەکترییەوە، بەڵام پێشتر سێ خاڵیان هیچ هێزێکی تێدا نەبوو، تەنها سێ خاڵیان پەکەکەی تێدابوو. پێشمەرگە و سوپا ڕێککەوتن سێ خاڵیان بۆ پێشمەرگە و سێ خاڵیان بۆ سوپای عێراق بێت.”

زنجیرە چیای قەرەچوغ بە شوێنێکی ستراتیژی لە ڕووی سەربازییەوە دادەنرێت. لای باشوری ڕۆژاوای زنجیرە چیاکە، گردەکانی زورگەزراو و کەندێناوایە، لای ڕۆژهەڵاتیشی سنوری دەشتی هەولێرە.

ڕێککەوتنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پاش ئەوە هات ڕۆژی 22ی دەی 2023 لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچوغ و دوای کشانەوەی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا و بەهۆیەوە 4 پێشمەرگە و دوو سەربازی عێراقی کوژران.

ڕێککەوتنەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی دوێنێ چوارشەمە ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەمە دانیشتوانی کەمپی مەخمور دژی ڕێککەوتنەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و نزیکبوونەوەی پێشمەرگە لە کەمپەکەیان ڕەتدەکەنەوە.

فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “بەهیچ شێوەیەک ڕازی نین هێزی پێشمەرگەی پارتی لە نزیک کەمپی مەخمور جێگیرببن چونکە بەگومانین لێیان.”

ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور هۆکاری خۆپیشاندانەکەی بۆ “نزیکایەتی هێزەکانی پارتی لە تورکیا” گەڕاندەوە.

بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوغ.

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی ڕۆستەم جودیش ناسراوە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی کوردی کوردستانی تورکیای تێدایە. لە ساڵی 2014ەوە هێزێکی پەکەکە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپەکە جێگێربوو بە پاساوی پاراستنی کەمپەکە لە هێرشی داعش. بەڵام لە ڕۆژی 19 ی مانگی 10 پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لە نزیک کەمپەکە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل.

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری مەخمورو گوێری پێشمەرگە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە، کە لەگەڵ سوپای عێراق گەیشتینە “ڕێککەوتنێکی گونجاو” ” جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرا.”

پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووی وەرزییەوە
پێشت پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووی وەرزییەوە
پێویستە جووتیاران فۆڕمی جووتیاری راستەقینە پڕبکەنەوە
دواتر پێویستە جووتیاران فۆڕمی جووتیاری راستەقینە پڕبکەنەوە
ەیوەندیدار