دۆلار ڕیكۆردی مێژوویی شكاند و (خەڵك) هۆكارەكەی ئاشكرادەكات



سەرەڕای زیادكردنی خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و 151 هەزار دیناری تێپەڕاندووە و شارەزایەكی بواری دراو هۆكاری ئەو بەرزبوونەوە نائاساییەی دۆلار بەرامبەر بە دینار ئاشكرادەكات.

ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار و 150 دینار.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەكاتێكدایە، كە بانكی ناوەندی عێراق بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بڕیاری داوە بە زیادكردنی بڕی خستنەبازاڕی ئەو دراوە ئەمریكاییە و بڕی 134 ملیۆن و 98 هەزار و 495 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زیاتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو كە 122 ملیۆن و 545 هەزار و 559 دۆلار بوو.

لای خۆشیەوە، دانا وەرتی، شارەزای بواری زێڕ و دراو بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەی هەولێر گەیشتۆتە 151 هەزار و 200 دینار و لە بۆرسەی كیفاح لە بەغدا گەیشتۆتە 151 هەزار و 300 دینار.

وتیشی، “هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بانكی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا كاركردنی لەگەڵ 14 بانكی عێراقی هەڵپەساردووە بەهۆی بردنی بە قاچاخی دۆلار لەڕێگەی مەزادی بانكی ناوەندییەوە بۆ ئەو وڵاتانەی ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندوون”.

ئاشكراشی كرد، لە ئێستادا بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا دۆسیەی بۆ ئەو بانكانە كردۆتەوە و لەوانەیە سزای قورستریشیان بەسەردا بسەپێنێت.

لای خۆشیەوە، مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری دەڵێت: “بەپێی پێشبینییەکانمان لەوانەیە ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە 160 هەزار دینار”.

لە كۆتایی ساڵی 2020دا حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی وەرەقەی چاكسازی پێشكەشی پەرلەمان كرد، كە تیایدا یەكێك لە بڕگەكانی، كە لەڕێگەی بانكی ناوەندییەوە جێبەجێی كرد بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بوو بۆ 1460 دینار (100 دۆلار بە 146 هەزار دینار) و پلانەكەش بۆ ماوەی 5 ساڵ پەیڕەو دەكرێت.

هەرچەندە چەندین كوتلەی پەرلەمانی و سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەتایبەتی نوری مالكی، پێشنیاریان پێشكەش كردووە بۆ دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار لانی كەم بۆ نزیكەی 135 هەزار دینار، بەڵام حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی سوورن لەسەر پلانەكەیان و لە یاسای بودجەشدا چەسپاندوویانە.

دیشان: بەمشێوەیە لە مەغریب دەبەینەوە
پێشت دیشان: بەمشێوەیە لە مەغریب دەبەینەوە
جۆرجیاش كونسوڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە
دواتر جۆرجیاش كونسوڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە
ەیوەندیدار