“چیتر رێگەنەدرێت ژیانی خەڵک بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان”



بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە یاكۆ بیرێندز، كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا‎ ‎لە هەرێمی كوردستان كرد.

لەدیدارەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و دارا خەیلانی ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبوون دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کرایەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی یەکجارەکی لەبارەی ئەو پرسانەی ناکۆکییان لەسەرە.

پەیوەست بە پرسی هەڵبژرادن و پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکات کە ئامانجەکەی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم بێت، دەشمانەوێت ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە بە کۆدەنگی بڕیاری لێبدرێت، چونکە تەنیا بە یەکڕیزی و پێکەوەیی دەتوانین ناوماڵی کوردستان بپارێزین. ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەردیش کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەک بێت، زامنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایانە دەکات.

رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، پرسەکە لای ئێمە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەموو هەوڵێکمان لەپێناو تێپەڕاندنی بەربەستەکاندایە. دەمانەوێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیادبنێین کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکاندا بێت، بەڵام دەبێت دادپەروەری لەبەرچاوبگیرێت و دووربێت لە بەرژوەندیی تایبەت.

سەبارەت بە ژیانی هاوڵاتییان و خراپی دۆخی گوزەرانی مووچەخۆرانەوە سەرۆکی یەکێتی روونکردنەوەیدا و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێویستە هەموو هەوڵەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە یەکبخرێن و چیتر رێگەنەدرێت ژیانی خەڵک بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان. هەوڵەکانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوامە و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکەکەمان، کاری لەپێشینەمانە.

نرخی مریشك هەرزان دەبێت
پێشت نرخی مریشك هەرزان دەبێت
سبەینێ‌ نەوت لە ناوچەیەكی سلێمانی دابەش دەكرێت
دواتر سبەینێ‌ نەوت لە ناوچەیەكی سلێمانی دابەش دەكرێت
پەیوەندیدار