یاسین مەحمود: 30 پڕۆژە مۆڵەتیان پێ‌ درا و 20 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت



سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان- سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 30 پڕۆژە بڕیاری مۆڵەتپێدانی بۆ دەرچوو، كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نزیكەی 20 هەزار هەلی كار بۆ هەرێم دەڕەخسێنێت و دەشڵێت: “سەرۆك وەزیران بەڵێنی پێداین، كە كێشەی ڕۆتینی وەبەرهێنان كۆتایی پێ‌ بهێنێت”.

یاسین مەحمود، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان- سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی وەبەرهێنەران لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، كە 60 وەبەرهێنەر ئامادەی بوون، ئەوەی تێبینیمان كرد، سەرۆكی حكومەت و چەند وەزیرێكیش، كە ئامادەی بوون بە پەرۆشەوە گوێبیستی وەبەرهێنەران بوون بۆ زانینی داواكارییەكانیان و گیروگرفتەكانیان و ئەو دۆخە ئابوورییە ناسەقامگیرەی هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

ڕاشیگەیاند، سەرۆك وەزیران بەڵێنی پێداین، كە كێشەی ڕۆتینی وەبەرهێنان كۆتایی پێ‌ بهێنێت و جەختیشی كردەوە، كە پێداچوونەوە بەو ڕێنمایی و بڕیارانەدا دەكەن، كە كێشەی بۆ پڕۆژەكان و وەبەرهێنان لە هەرێم دروست كردووە.

وتیشی، “سەرۆك وەزیرانی هەرێمی سەبارەت بە داواكارییەكانمان پێی ڕاگەیاندین، كە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دەكەن و ئەو خاڵانە بە گرنگ وەردەگرین و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەردەكەین، كە پێشتریش بڕیاری گرنگیان بۆ پڕۆسەی وەبەرهێنان دەركردووە”.

ئاشكراشی كرد، لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی كرد زیاتر لە 30 پڕۆژە بڕیاری مۆڵەتپێدانی بۆ دەرچوو، كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نزیكەی 20 هەزار هەلی كار بۆ هەرێم دەڕەخسێنێت”.

مەلا یاسین جەختیشی كردەوە، پڕۆژەی “میكس”ی گەشتیاری كە خەونی وەبەرهێنەرانە و پلانی 8 ساڵەی بۆ دانراوە پەسەند كراوە، كە یەكێك لەو پڕۆژە گەشتیاریانە لەسەر ڕووباری سیروانە لە گەرمیان و دەشڵێت: “بەپێی پڕۆژەی میكس وەبەرهێن 25%ی پڕۆژەكەی بۆ بازرگانی و نیشتەجێبوونە و 75%ی دەكرێتە گەشتیاری”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕێگەی پەرەپێدانی گەشتوگوزارەوە، كە ئێستا حكومەت هاتۆتە سەر خەت و مۆڵەتی بە چەند پڕۆژەیەك داوە، دەتوانین بڕێكی زۆری ئەو بودجە گەورەیەی عێراق ڕابكێشین بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی زۆر گونجاوە بۆ گەشتوگوزار ئەوەش بەهۆی پێكهاتەی جوگرافی و ئەو ئاسایش و ئارامییەی هەیەتی و هەروەها ئەو پڕۆژە گەشتیارییە جوانانەی هەمانە، كە بە چەندین ساڵی تر عێراق ناتوانێت پڕۆژەی وا دروست بكات.

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان وتیشی، “دەتوانین ئەو پلانە گەشتیارییەی توركیا هەیەتی بۆ ڕاكێشانی گەشتیاری عێراقی پێچەوانە بكەینەوە تاوەكو ئەو گەشتیارانە بێنە هەرێم پارەكانیان خەرج بكەن”.

ڕوونیشی كردەوە، كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری دیكە بۆ كەرتی پیشەسازی دەركراوە، كە ئەویش بایەخدانە بە كارخانەی بچووك و هەروەها كاراكردنی یاسای وەبەرهێنان بۆ ئەو ناوچانەی كەم گەشەسەندوون، كە بۆ نموونە ئەگەر وەبەرهێنێك بچێت بۆ هەڵەبجە یان پێنجوێن وەبەرهێنان بكات، كە ئەگەر ئیمتیازەكەی لە سلێمانی ڕوبعێكی بێت ئەوا لە پێنجوێن چوار هێندەی ئەو ئیمتیازەیە.

ئەمریکا ٣٠٠ سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
پێشت ئەمریکا ٣٠٠ سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
لە ناوچەیەكی هەرێم كرێی پاس كرا بە 500 دینار
دواتر لە ناوچەیەكی هەرێم كرێی پاس كرا بە 500 دینار
ەیوەندیدار