هۆكارەكانی دەركەوتنی پەڵەی شین و مۆر لەسەر جەستە



بۆچی پەڵەی شین و مۆر لەسەر جەستەم دەردەكەوێت، بەبێ ئەوەی ھیچ پێكانێك یاخود بەركەوتنێكم ھەبووبێت ؟؟

د ۰ هەڤین كەمال، پسپۆڕ لە زانستی بەنج و ئازار شكاندن دەڵێت، ئەم پرسیارە زۆربەی جار چارەخوازەكانم ئاراستەم دەكەن ، ھەندێك جار پیشانم دەدەن شوێنی پەڵە شین و مۆرەكان .ھەرچەندە ئەم پرسیارە دوورە لە پسپۆڕی منەوە ، بەڵام لەبەرئەوەی بابەتەكە تەندروستی یە دەمەوێت ھەندێك بەرچاوو ڕوونی بدەم لەسەری .

پێش ھەموو شت دەبێت بزانین بوونی پەڵەی شین چی دەگەیەنێت ؟
بوونی پەڵەی شین مانای ئەوەیە خوێن بەربوونێكی سەتحی و ڕووكەش ھەیە لەژێر پێست دا . كە موولولەكانی خوێن دەپچڕێن لەژێر پێستدا و ڕێژەیەك خوێن دێتە دەرەوەو لەژێر پێستدا كۆدەبێتەوە، كەبەشێوەی پەڵەی ڕەش یاخوود شین خۆی دەنوێنێت . لەدوای (٢-٣) ھەفتە لەلایەن لەشەوە ھەڵدەمژرێت و شوێنەواری نامێنێت .
ھۆكارەكانی :
١- ھۆكاری تەمەن : لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ماددەی كۆلاجینی ناو پێست كەم دەبێتەوە و پێستەكە ناسكتر دەبێت ئەمەش وادەكات پێستەكە نەتوانێت پارێزگاری لە موولولەكانی خوێن بكات ، بەھەمان شێوەش دیواری موولولەكان بێ ھێز و لاواز دەبن و زووتر دەتەقێن .
٢- خواردنی ھەندێك دەرمانی وەكو ئەسپرین یاخود پلاڤێكس ، یاخود بەكارھێنانی ئەو چارەسەرانەی كە ماددەی كۆرتیزۆنی تیادایە كەدەبێتە ھۆی تەنكبوونەوەو ناسكبوونەوەی پێستەكە .
٣- تووش بوون بەھەندێك نەخۆشی بۆری و موولولەكانی خوێن وەكو دەوالی ، كەمی خەپلەی خوێن ، یاخود ھەندێك جار ژمارەی خەپلەكان نۆرماڵ و ئاساییە بەڵام كێشە لە ئیشكردنیاندا ھەیە ، بێھێزی لەدیواری بۆری خوێن ، نەخۆشیەكانی جگەر .
٤- بەركەوتنی زەبری دەروونی و سترێس و قەلەقی .
٥- بەرزبوونەوەی فشار و زەغتی خوێن .
٦- ھۆكارە بۆماوەییەكان : ھەندێك كەس ھەر لەبۆماوەییەوە پێستی تەنكە یاخود دیواری موولولەكان بێھێزە ، ئەمەش وادەكات پەڵەی شینی زیاتر لەسەر پێستی دەركەوێت .
٧- لێدان یاخود بەركەوتن بەھەرشتێك بێت ، شكان و لەجێ چوون ئەگەری ئەم حاڵەتە زیاد دەكات .
٨- بەركەوتنی زۆری تیشكی خۆر ، كە ئەمەش دەبێتە ھۆی زوو پیربوون و ناسكبوونەوەی پێست .
٩- كەمی ھەندێك لە ڤیتامینەكان بە تایبەتی ڤیتامین سی .
١٠- خواردنی ھەندێك لە تەواوكەرە خۆراكیەكان بە شێوەی سەپلیمێنت وەكو ( ڕۆن ماسی ، ڤیتامین E، زەنجەفیل ، سیر ) بەتایبەتی لەكاتێكدا كەلەگەڵ ئەو دەرمانانە دەخورێت كە خوێن ڕووندەكەنەوە .
١١ – توشبوون بە ھەندێك حاڵەتی نەخۆشی دەگمەن وەك :
١٢- كەمی خەپلەكانی خوێن لە لەشدا :
لەم حاڵەتەدا نەخۆش جگە لەپەڵەی شین و مۆری بچووك و گەورە . خوێن بەربوونیشی دەبێت لەھەندێك ئەندامی لەشیەوە وەكو : لووت ، لێو و پووك ، یاخود بوونی خوێن گەگەڵ میز و پیسایی .
١٣- شێرپەنجەی خوێن : نەخۆشەكە لە گەڵیدا ھەست بەلاوازی و بێھێزی دەكات لە ھەموو جەستەی ، ھیلاكی و ماندوویی، عارەقكردنەوە، كێشی بە خێرایی دادەبەزێت ، لەگەڵیدا پەڵەی گەورەی شین دەردەكەوێت لەسەر جەستەی .
١٤- نەخۆشی ھیمۆفیلیا : ئەمیش نەخۆشیەكی بۆماوەییە ، كەدەبێتە ھۆی ئەوەی ئە و ماددانەی كە پێویستن لە لەشدا بۆ مەیینی خوێن كەم ببنەوە ، بەمەش خوێن بەربوون زیاد دەكات بە تایبەتی لە دوای نەشتەرگەری یاخود پێكان، یان ھەندێك جار بەبێ ھۆ ڕوودەدات لەگەڵ دەركەوتنی پەڵەی شینی گەورە .
١٥- نەخۆشی ڤۆن ویلبراند :
ئەمە جۆرە نەخۆشیەكە بە ھۆی كەمی گلایكۆپرۆتینێكەوە دەبێت لەلەشدا كەپێی دەگوترێت (ڤۆن ویلیبراند )، كە كاریگەری ھەیە لەسەر ئیش و چالاكی خەپلەی خوێنەكان ، بەمەش ڕوودانی خوێن بەربوون زۆرترە لەم كەسانە داو پەڵەی شین و مۆریش زیاتر دەردەكەون .

بەفر و باران دەستپێدەكات
پێشت بەفر و باران دەستپێدەكات
نازری لە نەخۆشخانەیە
دواتر نازری لە نەخۆشخانەیە
ەیوەندیدار