تەلار لەتیف: هەرێمی كوردستان لە غیابی دەسەڵاتی یاساداناندایه



ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “لەئێستادا هەرێمی كوردستان لە غیابی دەسەڵاتی یاساداناندایه ‌و پێویستە بە زووترین كات هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتیی لە وتارێكدا، كە میدیای فەرمی حزبەكەی بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “یەكێك لەپایە سەرەكییەكانی دیموكراسی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنیش بۆ ئەوەی كاریگەربێت پێویستی بە یاسای گونجاو و وشیاری هەیە، یاساكان پێمان دەڵێن هەڵبژاردنی نوێنەران دەبێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بێت و بەشێوازێكی پاك و بێگەرد بەڕ‌ێوەبچێت و دووربێت لە ساختەكردن و گزیكردن و لەگەڵ ئیرادە و ویستی دەنگدەردا بێت”.

دەشڵێت: “نابێت لایەنێك بودجەیەكی گەورە و زەبەلاح بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان تەرخان بكات بەتایبەتیش بودجەیەك، كە سەرچاوەكەی دیار نەبێت یاخود پارەی نەوت و ماڵی گشتی بێت، هەربۆیە هەڵبژاردن لە وڵاتانی دیموكراسی ئامانجی خۆی بە باشی دەپێكێت، بەڵام لە وڵاتانی دیكەدا ئەو ئامانجە ناپێكێت و كەس و لایەنی نەشیاو دەگەنە شوێنی بەرپرسیارێتی و نوێنەرایەتیكردن”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، تەلار لەتیف نووسیویەتی، “دەبوو كورد بەیەك لیست بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراقی بكردایە، وەك ئەوەی (یەكێتی) داوای دەكرد، بۆئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دژیەك نەبێت و دەنگەكانی كوردیش پەرتەوازە و بەفیڕ‌ۆنەچێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، “بەهۆی تەواوبوونی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمان لەئێستادا هەرێمی كوردستان لە غیابی ئەو دامەزراوە گرنگەدایە و دەتوانین بە ڕاشكاوی بڵێین هەرێم بێ دەسەڵاتی یاسادانانە، بۆیە پێویست دەكات بە زویی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجام بدرێت”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ناكۆكییەكانی ناو حكومەت و پاشەكشێی ئازادی رادەربڕ‌ین لە هەرێم بەتایبەتی دوای دۆسیەی زیندانیكردنی چالاكوانانی بادینان بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لەئێستادا.

ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل: لەسەر نەخشە دەسڕدرێنەوە
پێشت ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل: لەسەر نەخشە دەسڕدرێنەوە
كات و شوێنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەران دیاریكرا
دواتر كات و شوێنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەران دیاریكرا
ەیوەندیدار