ڕۆڵی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە شەڕی ئیسڕائیل و حەماس دا، چی یە؟



هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، ترسی ئەوەی زیاترکردووە، پریشکی ئاگری شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس خۆی بگەیەنێتە وڵاتانی دیکە.

 

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئاراستەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا گەیاندنی ئەو پەیامە بوو، کە ئەندامانی میلیشیا عێراقییەکانی دڵسۆز بۆ ئێران و یاخیبووانی حوسی لە یەمەن لە پشتیوانی بێ مەرجی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل ڕازی نین و کاردانەوەیان دەبێت.

 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە (٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣) هێرشی کردووەتە سەر دوو دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گرووپانەی پشتیوانیان لێدەکەن، وەک کاردانەوە بۆ هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا .

 

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “ئەم لێدانە وردانە وەڵامێکە بۆ زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام، کە زۆرینەیان سەرکەوتوو نەبوون لە پێکانی ئامانجەکانیان دەرهەق بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کە لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە”.

 

ئۆستن دەڵێت: ئەم هێرشانەی میلیشیا جیاجیاکان بە پشتیوانیی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا جێگای قبوڵ نییە و دەبێت بوەستێنرێت.

 

ناوبراو وتی: ئەگەر هێرشەکانی بریکارانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، درێغی ناکەین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی زیاتر بۆ خۆ پاراستنمان.

 

لە دوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر ئیسڕائیل لە٧ی ئۆکتۆبەر، سوپای ئیسڕائیل دەستی بە بۆردوومانێکی چڕی کەرتی غەززە کردووە، هەروەها ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراک، ئاو، سووتەمەنی و کەرەستەی پزیشکیش کردووە.

 

حکوومەتی ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسڕائیلی لە هێرشەکانی حەماس دا کوژراون، هاوکات لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار هاووڵاتیش بە بۆردومانەکانی ئیسڕائیل کوژراون.

 

بە وتەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی حەماس، ناتوانرێت ژمارەی قوربانییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام ژمارەی کوژراوان لە غەززە لەگەڵ بەردەوامی بۆردومان و گەمارۆکانی ئیسڕائیل لە بەرزبوونەوەدایە.

 

شرۆڤەکارانی سیاسی لە دامەزراوەی سەدە کە بنکەکەی لە ئەمریکایە لە شرۆڤەیەکدا لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا ڕایانگەیاندووە: دەستێوەردانی بەربڵاوی ئیسڕائیل لە غەززە هەڕەشەی پەرەسەندنی هاوپەیمانەکانی حەماس زیاد دەکات، کە هاوپەیمانییەکی ناوچەییە بە سەرۆکایەتی ئێران، کە حزبوڵای لوبنان و هێزە جیاوازە نیمچە سەربازییەکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەن لەخۆدەگرێت.

 

بزووتنەوەی حەماس کە هێرشی بۆ سەر ئیسڕائیل دەستپێکرد، حوکمڕانی کەرتی غەززە دەکات و لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” پۆلێن دەکرێت.

 

حیزبوڵڵای لوبنان، پارت میلیشیایەکی سیاسی گەورەیە و بارەگاکەی لە لوبناندایە.

 

زۆرێک لە وڵاتان حیزبوڵڵای لوبنان، یان باڵە سەربازییەکەی، بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن”، ئەو وڵاتانەش بریتین لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی.

 

ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا چالاکیی ئەم پارتەی لەسەر خاکەکەی قەدەغەکرد و وەک “رێکخراوی تیرۆریستی” پۆلێنی کرد.

 

لە عێراق، میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە دوای ساڵی ٢٠١٤ سەریان هەڵدا، کاتێک دانیشتوانی ناوچەکە خۆبەخشانە شەڕیان لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش) کرد.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ​​بە شێوەیەکی بەرفراوان بە “هێزەکانی کۆکەرەوەی جەماوەری” ناسراون.

 

میلیشیاکانی سەر بە هێزە جەماوەرییەکان ئایدۆلۆژیایان جیاوازە و هەندێکیان ئێستا باڵی سیاسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، زۆرێکیان لە ڕووی دارایی و تاکتیکییەوە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

 

بزووتنەوەی یاخیبووانی حوسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ حکومەتی فەرمی یەمەن دەستپێکردووە، شەڕەکە بەشێکی وەک وەڵامێک بۆ پەرەسەندنی دەستوەردان و کاریگەرییەکانی سعودیە دەستیپێکردووە، کە لە پشتیوانی ئێرانیەکان بەهرەمەندن.

 

هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لە عێراق، دوو ڕۆژ دوای هێرشی حەماس لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئەم شەڕەوە، هەموو ئەمریکییەکان بە ئامانجی شەرعی دەزانین.

 

لە لایەکی دیکە جەعفەر حوسێن، وتەبێژی لیواکانی حزبوڵڵا، لە 18ی ئۆکتۆبەر لە پلاتفۆرمی تێلێگرام ڕایگەیاند، “ئەمریکییەکان هاوبەشی جەوهەرین لە کوشتنی خەڵکی غەززە، بۆیە دەبێت بەرگەی لێکەوتەکانی بگرن”.

 

هاوکات سەرۆکی بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەنیش لێدوانێکی هاوشێوەی دا.

 

بەر لە سەرهەڵدانی ململانێکانی ئێستای نێوان حەماس و ئیسڕائیل، هێوربوونەوە لە دوژمنایەتییەکانی نێوان ئەمەریکا و میلیشیا عێراقییەکاندا هاتبووە ئارا، کە چەندین جار ڕایانگەیاندووە، دەیانەوێت ئەمریکا لە عێراق بچێتە دەر.

 

لە دوای بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی (المعمدانی) لە غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکردەوە.

 

میلیشیاکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە نزیکەی 11 هێرش بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە.

 

هەروەها له عێراق، جموجۆڵه سەربازییەکانی هەندێک میلیشیای لایەنگری ئێران لهسەر چیای شنگال بووەتە جێی باسی میدیاکان، که هەڵکەوتەیەکی بەرزە و له ساڵی 1991 لەلایەن سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراقەوە مووشەک ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراوه.

 

لە کۆتایی هەفتەشدا کەشتیگەلی هێزی دەریایی ئەمریکا USS Carney توانی سێ مووشەک و چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە دەریای سووردا تێکبشکێنێت، کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە هەڵدرابوون.

 

توێژەرانی ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە 20ی ئۆکتۆبەر ڕاپۆرتیان دا، کە چەند میلیشیایەکی عێراقی ڕێکخراوێکی نوێیان بە ناوی “بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق” دروستکردووە.

 

توێژەران لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێن: “بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی غەززە و ئەگەری فراوانبوونی شەڕ لە ئاستی ناوچەییدا، میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەیانەوێت بە ئەنجامدانی کردەوەکانیان یەکگرتوویی دژی هێزەکانی ئەمریکا نیشان بدەن”.

 

جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا دەزانێت ئێران لە پشت ئەو هێرشانەیە، کە لەلایەن بریکارەکانییەوە ئەنجام دەدرێن.

 

کێربی وتی: ئێمە دەزانین کە ئێران لە نزیکەوە چاودێری ئەم ڕووداوانە دەکات و لە هەندێک حاڵەتدا چالاکانە ئاسانکاری بۆ ئەم هێرشانە دەکات، پاڵنەرێکە بۆ کەسانی دیکە کە ڕەنگە بیانەوێت ململانێکان بە قازانجی خۆیان یان ئێران بقۆزنەوە.

 

هاوکات لەمبارەیەوە ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، میلیشیاکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵە دەکەن و ئێمە هیچ ئۆباڵێکی ئەو هێرشانە ناخەینە ئەستۆی خۆمان.

 

شرۆڤەکارانی سیاسی لە دامەزراوەی سەدە لە شرۆڤەی خۆیاندا نووسیویانە هیچ بەڵگەیەک نییە کە میلیشیا عێراقییەکان یان حوسییەکان بە هیچ شێوەیەک دەستیان هەبووبێت لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل.

 

دەشڵێن؛ “ئەگەر ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە فراوانتر بکات، وەک بەرپرسانی ئیسڕائیل بەڵێنیان داوە، پێناچێت ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا ڕێگری بکات لە بەرگرتنی هێرشی میلیشیاکان بە سەرۆکایەتی ئێران.

 

شرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە، لە خراپترین حاڵەتدا میلیشیا عێراقییەکان دەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، لە کاتێکدا حوسییەکان لە سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەوان دەکەنە ئامانج.

 

ڕەنگە حوسییەکان ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ئەم دوو وڵاتە کە بە هاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرێن.

 

شرۆڤەکاران ئەوەشیان باسکردووە: “بەو پێیەی ئەمریکا پشتیوانی ئیسڕائیل دەکات لە هێرشەکانی بۆ سەر حەماس، نابێت ئیسڕائیل کردەوەی دڕندانە بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیلی فەلەستینی ئەنجام بدات، نەوەک شەڕێکی فراوانتر سەر هەڵبدات کە بۆ ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەساتبار بێت”.

 

سەرچاوە؛ DW

جوولەکەکانی ئەمریکا داوای ئاگربەست دەکەن
پێشت جوولەکەکانی ئەمریکا داوای ئاگربەست دەکەن
شەڕی ئیسرائیل و حەماس خواستەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەوەشێنێتەوە؟
دواتر شەڕی ئیسرائیل و حەماس خواستەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەوەشێنێتەوە؟
ەیوەندیدار