شەڕی ئیسرائیل و حەماس خواستەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەوەشێنێتەوە؟



هاووڵاتیانی غەززە بە ژن، پیر و منداڵ کۆمەڵکوژ دەکرێن، لە کاتێکدا جیهان تەنها تەماشا دەکات و هەمووان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، زلهێزانی جیهان لە بیری پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندان نەک ئاشتی جیهان.

چین یەکێکە لە وڵاتانی زلهێزی جیهان، دەتوانیت ڕۆڵی گرنگ و کاریگەر لە پێشهاتە جیهانییەکان بگێڕێت، هاوکات شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەڕەشەی پووچەڵکردنەوەی هیواکانی پەکین دەکات بۆ دەرکەوتنی وەک ناوبژیوانێکی سەرەکی و بەدیل بۆ ئەمریکا لە ناوچەکە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا چین نێوەندگیری کرد لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان پاش ٧ ساڵ لە کەلێنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.

چین هاوبەشێکی سەرەکی ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ە و کڕیاری نەوتە لە سعودیە و ئێران، پەکین دەیویست ڕۆڵی نێوەندگیری لە ململانێکانی داهاتووا بگێڕێت، تەنانەت پێشنیاری نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کرد بۆ دانوستانەکانی ئاشتی.

لە مانگی ئایاردا میوانداری مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد لە هەمان کاتدا بە دوو سەردانی جیاواز.

شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوەکردووە، پاش کەمتر لە شەش مانگ، شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، ئاڵەنگارییەک بۆ هیواکانی پەکین وەک یاریزانێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات.

پەکین لە هەردوو لایەنی ململانێکان بەرژەوەندی هەیە، لە مێژە بانگەشە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات و تەنانەت لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی پڕچەک کردووە، بەڵام ئەمڕۆ پەکین دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئیسرائیلە.

ڕۆژی هەینی، چین لەگەڵ ١١٩ وڵاتی دیکەدا دەنگی دا بۆ پشتیوانی لە بڕیارنامەیەکی ناپابەندکەری ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئاگربەستی مرۆیی دەکات، هەرچەندە پەکین تا ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر لە پەراوێزی ململانێکان ماوەتەوە و خۆی لە ڕۆڵی دیار بەدوور گرتووە.

 

چین لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە چی دەڵێت؟

چین لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە هێڵێکی بێلایەنی کێشاوە و بەردەوامە لە داوای چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ململانێکان.

ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی دەرەوەی چین داوای کرد کە شەڕی دوژمنکارییەکان کەمبکرێتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارام بگرن و دەستبەجێ کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان بهێنن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی شەڕ، هەروەها هەڵوێستی پەکینی دووپاتکردەوە کە تاکە چارەسەری درێژخایەن بۆ ململانێکان دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینە.

ژای جون، دیپلۆماتکار لە لوتکەی ئاشتی قاهیرە لەم هەفتەیەدا داوایکرد “دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکان بهێنرێت”.

ڕەخنەگران هەڵوێستی چینیان بە درەنگ ناوبرد، پەکین ڕۆژێکی تەرخان کرد بۆ ئەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی دەربکات.

بەڵام بنیامین هۆ تزێ ئێرن، یاریدەدەری مامۆستا لە پرۆگرامی چین لە قوتابخانەی S Rajaratnam School of International Studies’ کە بنکەکەی لە سەنگافورەیە، وتی، “ئەمە هەڵبژاردنێکی پراگماتیکە، چونکە پەکین ویستویەتی سەرەتا بزانێت وڵاتانی دیکە چۆن وەڵام دەدەنەوە بۆ ئەوەی ڕێبازێکی بێلایەنەتر بگرێتەبەر”.

 

بۆچی چین بێلایەن ماوەتەوە؟

یون سون، بەڕێوەبەری بەرنامەی چین لە سەنتەری ستیمسۆن کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، وتی، ” پەکین بێلایەن بووە، چونکە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی چین لە ناوچەکەدا دەپارێزێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر چین بیەوێت وەک هێزێکی گەورەی جیاواز دەربکەوێت کە داهاتوویەکی جیاوازی ئاشتەوایی پێشبینی دەکات، ناتوانێت لایەنێک لە بەرامبەر ئەوی دیکەدا هەڵبژێرێت، هەر بۆیە لێدوانی وەک ئەوە دەبینیت کە چین دژی هەموو هێرشەکانە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، هەر بۆیە ڕەخنەی لە هەردوو حەماس و ئیسرائیل گرت”.

ململانێکانی ئێستا جیاوازە لەو کاتەی کە دانوستانیان بۆ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و سعودیە کرد، کەیسێک کە هەردوو وڵات ویستوویانە چارەسەر بکرێت، عومان و عێراق پێشتر بناغەیان دانابوو، بە پێچەوانەوە حەماس و ئیسرائیل سەرقاڵی ململانێیەکی بەردەوامن کە چاودێران نیگەرانن لەوەی کە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتر ببێت.

تریتا پارسی، هاوبەشی دامەزرێنەری پەیمانگای کوینسی ئاماژەی بەوەکرد، ” دەبێت مرۆڤ لەبیری بێت، چینییەکان هەرگیز هەمان بەشداریکردن یان پەیوەندییان لەگەڵ یاریزانە جیاوازەکاندا نەبووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن کە سعودیە و ئێران بینیویانە”.

 

چی لە مەترسیدایە بۆ چین؟

چین بەرژەوەندی ئابووری بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە و کاریگەرییان لەسەریی دەبێت، ئەگەر شەڕی ئێستا لایەنەکانی دیکە ڕابکێشێتە ناو مەیدانی جەنگەوە، بڕێکی بەرچاو وزە لە سعودیە و عێراق و ئێرانەوە هاوردە دەکات.

ئاماری بازرگانی چین زۆر بەرزە و لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بڕی ٢٥٩ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سێ هێندەی قەبارەی بازرگانیەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بازرگانی چین لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٨ ملیار دۆلار بووە.

هەروەها ستیڤ تسانگ، بەڕێوەبەری پەیمانگای چینی وتی، ” پێگەی پەکین لەسەر شانۆی جیهانیش لە مەترسیدایە، ئەوەش هاندەری چینە بۆ ئەوەی بێلایەن بمێنێتەوە تەنانەت لە مەترسیدا لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.

هاوکات وتیشی، ” چین چاوی لەسەر بەرژەوەندی خۆیەتی نەک ئاشتی بۆ چاکەی گشتی جیهانی”.

 

ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر ڕکابەرییەکانی ئەمریکا و چین دەبێت؟

ستیڤ تسانگ ڕوونیکردەوە، ململانێی ئێستا دەرفەتێکی دیکەی بۆ چین دەڕەخسێنێت کە بەدیلێک بۆ نەزمی نێودەوڵەتی لیبڕاڵی زاڵ بەسەر ئەمریکادا نیشانبدات.

وانگ یی، دیپلۆماتکاری باڵای چین ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی شەڕەکەی کرد، ئەمەش نیشانەیەکی دیکەیە کە پەکین هێشتا ئارەزووی مانەوەی هەیە لەو شەڕەدا.

بڕیارە شی جینپینگ سەرۆکی چین لە مانگی تشرینی دووەم سەردانی سانفرانسیسکۆ بکات و چاوی بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی چین دەیەوێت نیشانی جیهانی بدات کە ئەگەر چین و ئەمریکا پێکەوە کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن، دەرئەنجامی باشتر بۆ هەمووان بەدەست دێت.

ڕۆڵی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە شەڕی ئیسڕائیل و حەماس دا، چی یە؟
پێشت ڕۆڵی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە شەڕی ئیسڕائیل و حەماس دا، چی یە؟
ڤاکسینی ئالودەبوون بە کۆکاین دۆزرایەوە
دواتر ڤاکسینی ئالودەبوون بە کۆکاین دۆزرایەوە
ەیوەندیدار