بڕیارێکی نوێ دەربارەی سیستەمەکانی غاز و شۆڤاژ درا



لیژنەیەک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون، پشکنین بۆ ئەو شوێنانە بکەن، کە سیستەمی غاز و شۆڤاژ بەکار دەهێنن و تا ئێستاش پشکنین بۆ ٥٠٠ شوێنی تایبەت و گشتی کراوە.

ئەم لیژنانە زیاتر لە هەشت مانگە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و پشکنین بۆ ماڵ، چێشتخانە و هۆتێلەکان دەکەن.

موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “پرسی غازی شل بابەتێکی زۆر گرنگی تایبەت بە بەرگریی شارستانییە، بەداخەوە دوای ئەو ڕووداوەی لە سلێمانی و دهۆک ڕوویان دا، بووە هۆى ئەوەى هەر زوو لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆ، ئێمە وەکوو بەرگریی شارستانی، لێکۆڵینەوەکان دەست پێ بکەین”.

وتیشی: “ئێمە لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە لە کەرتی تایبەت، پشکنینمان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و لە کەرتی هاوبەش و گشتییش پشکنینمان بۆ زیاتر لە ٣٠٠ شوێن کردووە، واتە ئەوانە دڵنیاییی تەوایان پێ دراوە. بۆیە مەترسیی ئەو بابەتە بە هەردوو شێوازی LPG و شۆڤاژی ماڵان، کە لە وەرزی زستاندا کاری پێ دەکرێت، ئێستا ٧٠%ی کەم بوونەتەوە”.

موقەدەم کاروان وتیشی: “لە ئێستادا لە ١٣ کۆمپانیا مۆڵەتی فەرمییان هەیە بۆ ئەوەی سیستەمەکە دابنێن و پێویستە هاووڵاتییانیش لە کاتی جێگرکردنی ئەو سیستەمە، لە باشترین جێگە و کۆمپانیا کارەکانیان بکەن. بابەتی شۆڤاژ بابەتێکی گرنگە، ناکرێت هاووڵاتی ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە ببەستێت، دەکرێت لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بێت، کە ئێمە لیژنەی باڵامان هەیە و بە پێی مەرجی مۆڵەتوەرگرتن بۆی جێگیر بکرێت.”

بەرپرسی سیستەمی LPG لە هەولێر ڕاشیگەیاند: “ئێمە لە ئێستادا لەسەر ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی ئەو سیستەمەوە ئیش دەکەین، کە خۆشبەختانە ئەو بابەتە بە سیستەم کراوە و هەموو ئەو شوێنانەی بە شۆفاژ کار دەکەن وەکوو ماڵ و کۆمپانیا و ڕێستۆرانتەکان، بەپێی ڕێنماییەکانی ئێمە کار دەکەن”.

وتیشی: “ئەو کەرەستەى بۆ ئەم سیستەمە دەبەسترێت، دەبێت ستاندارد بێت و ئەو تانکییەی بەکار دێت دەبێت پێشتر بپشکنرێن. هەروەها دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، کە سیستەمی غاز هیچ کێشەیەکی نابێت، ئەگەر بە سەلامەتی بەکار بێت و لە ژێر چاودێریی کۆمپانیاکان و بەرگریی شارستانیدا بێت”.

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتیان هەیە (لە ڕێگەی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان) دەتوانن سیستەمی غاز و شۆڤاژ بۆ شوێنەکان دابنێن. لە هەولێر ١٢ کۆمپانیا، لە سلێمانی ٣٦ کۆمپانیا و لە دهۆکیش ٤ کۆمپانیا، مۆڵەتی دانانی سیستەمەکەیان هەیە. لە وەزارەتی ناوخۆش لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠٢١ پێک هاتووە، تاکوو ڕێنماییەکە بۆ پاراستنی زیاتری هاووڵاتییان هەموار بکاتەوە.

هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر هێرشیان کرایەسەر
پێشت هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر هێرشیان کرایەسەر
ئاگادارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانەی نەوتیان وەرنەگرتووە
دواتر ئاگادارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانەی نەوتیان وەرنەگرتووە
ەیوەندیدار