پەروەردە و گیانی بەرپرسیارێتی



ڕەووف محەمەد ئالانی

لە ڕاستیدا زۆربەی خەڵک ئازادییان ناوێت، چونکە ئازادی بەرپرسیارێتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و خەڵکیش لە بەرپرسیارێتی دەترسن- فرۆید بەرپرسیارێتی بە واتای لە ئەستۆگرتنی ئەرک بە دڵسۆزی و ئەنجامدانی و گەیشتن بەمەبەست و ئاکامێکی بەرهەمدار.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە جیهان پێی شادبووە وهەموو دەرگاکان لەسەرپشتن بۆ گەیشتن و بینینی ئەوانەی مرۆڤەکان دەیخوازن و مەبەستیانە بە دەستی بێنن، پەروەردە بووەتە سەکۆی گەیشتن بەو خواستانەی مرۆڤایەتی لە بوارەکانی (ئاشتی، ئارامی، ئازادیەکان، خۆشنوودی، خۆشەویستی، ڕێزگرتن ….هتد) ئەمانە هەروا ئاسان و ساکار بەدەست نایەن، بەڵكو هەوڵ و ماندوبوون و پلانی زانستی گەرەکە، کار لەسەر فەلسەفەی پەروەردە بکرێت و بە شێوازێکی نوێ و هاوچەرخانە و سەردەمیانە دابڕێژرێت، ئەم کار و پلانە گەورەیە خۆی لە خۆیدا گەورەترین بەرپرسیارێتیە، بەداخەوە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان لەم بەرپرسیارێتیە گرنگ و پڕ بایەخە بێبەشکراون، بەهۆی وابەستە بوون و گرفتە کارگێڕی و ڕامیاری و ئابوورییەکان، ئەمانەش لە ژێر دەسەڵات و چنگی لایەن و گروپ و دەستەو تاقمە خۆخوازە پاوانکارەکاندان، ناهێڵن هیچ پلانێک بچێتە سەر سکەی ڕاستی خۆی تا ئامانج و مەبەستی ئەوان لەبەرچاو نەگیرێت.

هەر کۆمەڵگەیەک پەروەردەی باشی نەبێت، وەک جەستەیەکی نەخۆش وایە بێ دەرمان، دیارە نەخۆش چارەسەرنەکرێت دەمرێت یان لاواز و بێ تین وتاو دەبێت وهیچ کارێکی پێناکرێت، بەڵام ئەگەر جەستە تەندروست بێت، پێویستی بە دەرمان و چارەسەر نیە، هەر بۆیە هەموو نەتەوەیەک لە ڕێگەی پەروەردەی باش و هاوچەرخ نەتەوەیەکی تەندروست و ئازادی لیدەردەچێت.

بەرپرسیارێتی لە کاروکردەوەی تاکدا لە چەند لایەنێکدا دەردەکەوێت، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی تاک لە چاودێریکردنی دایک، باوک، منداڵ و ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە لە ناو کۆمەڵگەی خۆیدا، وەک منداڵی بێ باوک و هەژار و بەساڵاچوو ونەخۆش و ئەوانی تر.

لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی تاک بەرپرسیارێتی پیشەییە لە پابەندبوونی بەو ئەرکەی پێی سپێردراوە یان خۆی هەڵیبژاردووە، وەک ئەنجامدانی دڵسۆزی و خەمخۆری بە مەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی کە پێویستن، ئەوەش بە پەرۆشی و بەڕێوەبردنی کارەکان بە شێوەیەک کە پێشکەوتن و گەشەسەندنیان مسۆگەر بکات، بەرپرسیارێتی دوو لایەنی هەیە، یان خودی کە دەگەڕێنەوە بۆ تاک، یان گشتی ئەوانیش ئەرکی تاکە بەرامبەرهەمووان یان بۆ خزمەتی کایەی گشتی دەبێت.

جۆرەکانی بەرپرسیارێتی کە تاکەکان پێی هەڵدەستن، بەڵام لەئاکامدا هەمووان سوودی لێدەبینن، دەکرێت لەم خاڵانەدا کورتبکرێنەوە، یەکەم: ڕێکوپێکردنی کەلوپەل و جلوبەرگ  (پاکوخاوێنی و ڕێکپۆشی)، دووهەم: ڕێزگرتن لە گەورەکان و یارمەتیدانی بچووکەکان، سێهەم: پارستن و پاک ڕاگرتنی ژینگە، چوارەم: خۆشەویستی، هەست و سۆز بۆ مرۆڤ و گیانەوەرانی تر، پێنجەم: گرنگیدان بە پاراستنی کەلوپەل و پێویستیەکان لە ماڵ و شوێنەگشتیەکاندا، لە کۆندا چەمکی پەروەردە و بەرپرسیارێتی بە هەڵە شیکردنەوەی بۆ کرابوو، وابەستەی لێدان و سزادان و فەرمان کردن بوو، بەڵام ئەوە لەلایەن پەروەردەکاران و شارەزایانی بواری دەروونی بوو بە مێژوویەکی تاڵ و کۆتایی پێهات.

پرسیار لە حەکیمێک کرا دەربارەی پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵ لە کۆمەڵگە و چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ حەکیم لە ووڵامدا وتی: “من کوڕەکەم لە پێناو گەلەکەمدا پەروەردە دەکەم، پەروەردەکردنی کوڕەکەشم لە ئەستۆی هەمووانە” ئەمە ئەگەر شتێک هەبێت، تەنها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە چەمکی پەروەردە، گەورە و گشتگیرە.

بۆیە بەرپرسیارێتی پەروەردە لە ئەستۆی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە، لە گەورەترینەوە تا نزمترین، چ بچووک و گەورە، بەرپرسیارێتی دایکە لە ماڵەوە، باوک لە ناو خێزان، مامۆستا لە قوتابخانەکەی، هاووڵاتی لە کارەکانی، پیاوانی هێزی چەکدار لە پۆستەکەیاندا، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەکەیدا، بانگخواز لە مینبەرەکەیدا، نووسەر لە نوسینەکانیدا، بازرگان لە کڕین و فرۆشتنیدا، پزیشک لە نەخۆشخانەکەی و مامۆستا لە قوتابخانەکەیدا.

بۆ ئەم هەستە گەورەیەی بەرپرسیارێتی (نیتچە) وتویەتی: “ئازادی ئەو خواستەیە کە بەرپرسیاربین بەرامبەر بە خۆمان”.

قوتابخانەکان وخوێندنگەکان بە زیندان دەناسرێن، دەبێت بزانرێت ئەم هەستە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ کە هەوای پەروەردەی تێدا نیە، بۆچی؟ چونکە ترس و نائارامی بەها و ڕەوشتی بەر زوون دەکات، بەڵام جیاوازی ئەمە کە پەروەردەی باشە بینایەکی بەرزە کە ڕۆحەکان پڕ دەکات لە متمانە و سەربەخۆیی، توانای دروستکردن و بنیاتنانی نەوەی سەرکردایەتی هۆشیاری هەیە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەبێت، وەک هەموو تاکێک بڕی پێویست پەروەردە وەردەگرێت، بە تیۆری و پراکتیکیشەوە، بۆیە دەبێت مامۆستا ئاگاداری ڕۆڵی خۆی بێت، نەک پەروەردە، بەڵکو پەروەردەکردن پێش پەروەردە دێت، هەرلەبەر ئەوەیە، زانست و فێربوون هیچ سوودێکی نییە بەبێ پەروەردە.

جوانترین شتەکان کە باس لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کراوە بریتین لە دەستەواژە و وشەی نووسراو و وێنە، بەرپرسیارێتی شتێکە کە پێویستە فێری ببێت و لە ڕۆحی منداڵەکاندا بچێنرێت بۆ ئەوەی بتوانن پەروەردەیەکی دروستیان هەبێت، هەموومان بتوانین بۆ سوڕاندنی چەرخی پێشکەوتن لە وڵاتی خۆمان و دامەزراندن و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی کەسی و کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی بتوانین بە خەونەکانمان بگەین و بەرپرسیارێتی بەرزکردنەوەی پێگەی نیشتمانمان هەڵبگرین و بەرپرسیاربین.

وتارەکەم بەوتەیەکی (ئاندریە مۆرۆ) کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت: “ئازادی و بەرپرسیارێتی دوانەن، ئەگەر یەکێکیان لە یەکێکی تر جیا بکرایەتەوە، هەموویان دەمرن”.

له‌ نێوان جووله‌كه‌ زایۆنییه‌ داگیركار و فه‌له‌ستینییه‌ وڵات زه‌وتكراوه‌كان
پێشت له‌ نێوان جووله‌كه‌ زایۆنییه‌ داگیركار و فه‌له‌ستینییه‌ وڵات زه‌وتكراوه‌كان
بۆ دابەشکردنی مووچە قەرزی دیکە بە هەرێم دەدرێت
دواتر بۆ دابەشکردنی مووچە قەرزی دیکە بە هەرێم دەدرێت
ەیوەندیدار